لە هەولێر دکتۆرای فەخری بە کۆچەر بیرکار دەدرێت

کۆچەر بیرکار خاوەن مێدالیای فیدڵدزە

K24 - ھەولێر

ئەمڕۆ لە رێوڕەسمێکدا لە ھەولێر بڕوانامەی دکتۆرای فەخری بە پڕۆفیسۆر کۆچەر بیرکار دەدرێت.

بڕیارە ئەمڕۆ لە هەولێر، زانکۆی سەڵاحەدین بڕوانامەی دکتۆرای فەخری بە پرۆفیسۆر کۆچەر بیرکار، خاوەنی مێدیالیای فیڵدز لە بواری ماتماتیک بدات.

کۆچەر بیرکار، لە لێدوانێكیدا بۆ كوردستان24، خۆشحاڵی خۆی دەربڕی كە دوای 9 ساڵ جارێكی دیكە گەڕاوەتەوە ھەرێمی كوردستان و رایگەیاند: "زۆر جێگەی شانازییە كە زانكۆیەكی كوردستان بەوە ھەڵساوە كە دكتۆرای فەخری بە من دەبەخشێت".

گوتیشی: "ھیوادارم خەڵاتەكەی من ببێتە نموونەیەك كە گەنجانی دیكەی كورد بچن لە وڵاتان بخوێنن و بۆ ئەوەی سوودیان بۆ كوردستان ھەبێت".

مێدالیای فیدڵدز، ساڵانە دەدرێتە کەسێک تا چوار کەسی خوار تەمەن 40 ساڵی کە شارەزای بواری بیرکارین  و خەڵات دەکرێن. کۆچەر بیرکار کە خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستانە، لە ساڵی 2000 چووەتە بەریتانیا و ئێستا لە زانکۆی کامبریج مامۆستایە، لە 1ی مانگی ئابی ساڵی رابردووش مێدالیای فیڵدزی وەرگرتووە.

ھ.م