كه‌لوپه‌له‌كانی مۆنۆمێنتی شه‌هیدان له‌ هه‌ولێر دزراون

بینایه‌كه‌شی بووه‌ته‌ جێگای پشیله‌ و سه‌گی تۆپیوو

K24- هه‌ولێر:

مۆنۆمێنتی شەهیدانی کوردستان له‌ هه‌ولێر، بەرەو لەناوچوون دەچێت، بەشێکی زۆری دیوار و کاشی و دەرگا و پەنجەرە و ئامێرەکانی شکێنراون، ناوەوە و دەرەوەی مۆنۆمێنتەکە بووەتە شوێنی حەوانەوەی سەگ و پشیلە، لە ژوورەوەش بە هۆی تۆپینی سەگەوە، بۆنێکی ناخۆش لەناوی بڵاوبووەتەوە. بەشێك لەو كه‌رستانه‌ی پەیکەری پێ دروست کراوە، شکێنراون و بەشێکیشیان دزراون. وەزارەتی شەهیدانیش دەڵێت: داوامان لە ئەنجومەنی وەزیران کردووە بیخاتە سەر وەزارەتەکەمان و پەرلەمانیش بەدواداچوون بۆ ئه‌و بابه‌ته‌ دەکات.

خه‌سره‌و جاف، ته‌لارساز و ئه‌ندازیاری مۆنۆمێنته‌كه‌ ده‌ڵێت: "پرۆژەکە پشتگوێ خراوە و بەرەو لەناو چوون دەچێت و بەشێک لە ماددەی پەیکەرەکان دزراون".

له‌كاتێكدا كه‌ مۆنۆمێنتەکە سەر بە بەشی پڕۆتۆکۆڵی ئەنجومەنی وەزیرانە، فوئاد ته‌ها، وته‌بێژی وەزارەتی كاروبارى شەهیدان و ئه‌نفالكراوان ده‌ڵێت: "وه‌زاره‌ته‌كه‌مان داوای لە ئەنجومەنی وەزیران کردووە، مۆنۆمێنته‌كه‌ بخاتە سەر وەزارەتەکەمان"، به‌ڵام هێشتا وه‌ڵام نه‌دراونه‌ته‌وه‌ و چاوەرێی وەڵامی ئەنجومەنی وەزیرانن.

له‌ لێدوانێكی تایبه‌تدا بۆ كوردستان 24، سه‌وسه‌ن میرخان، سه‌رۆكی لێژنه‌ی شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان له‌ په‌رله‌مانی كوردستانيش به‌ڵێن ده‌دات، لە دانيشتنى داهاتووى په‌رله‌ماندا، بابه‌ته‌كه‌ بخەنە بەرنامەی کاریان و بەدواداچوونی بۆ بکەن.

ئەو مۆنۆمێنتە هیچ کارمەند و بەرێوبەرایەتیێکی بۆ دانەمەزرێنراوه‌، تەنها سێ پاسەوانی زێرەڤانی، رۆژانە پاسەوانیی دەکەن، له‌كاتێكدا شوێنەکەی فراوانە و پێوستی بە پاسەوانی زیاتره‌. ئەم مۆنۆمێنیتە لە ساڵی 2010 ـه‌وە دروست کراوە، بڕی 18 ملیۆن و پێج سەد هەزار دۆلاری تێ چووە.

H.B