سەرۆك بارزانی پێشوازیی لە كونسوڵی رووسیا لە هەولێر كرد
پەیوەندییەكانی گەلی كوردستان و رووسیا مێژوویین و لە كوردستان ویستێكی زۆر هەیە بۆ پەرەپێدانی ئەو پەیوەندییانە
K24 – ههولێر:
ئهمڕۆ لە سەلاحەددین، سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازیی لە ئۆڵگ لێڤین، كونسوڵی ڕووسیا لە هەولێر كرد.
لە دیدارەكەدا كونسوڵی رووسیا لە هەولێر سڵاوی وەزیر و جێگری وەزیری دەرەوەی ڕووسیای بە سەرۆك بارزانی گەیاند و وێڕای جەختكردنەوە لە پەیوەندییە مێژووییەكانی نێوان هەردوولا و رۆڵی بارزانیی نەمر لە قووڵكردنی پەیوەندیی مێژوویی نێوان گەلی كوردستان و گەلی رووسیا، پێگەی هەرێمی كوردستانی بۆ وڵاتەكەی بە گرنگ وەسف كرد، هەروەها ئاماژەی بە ویستی رووسیا دا لە فراوانتركردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا، بە تایبەت لە بواری وزە و بیناسازی و خوێندن و چالاكییە كولتوورییەكان. لە بەشێكی تری وتەكانیدا، كونسوڵی رووسیا لە هەولێر ڕۆڵی گەلی كوردستانی لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و توندڕۆیی، بەرز نرخاند.

لای خۆیەوە سەرۆك بارزانی سوپاسی وەزیر و جێگری وەزیری دەرەوەی رووسیای كرد و پێزانینی بۆ هەڵوێستەكانی حكوومەتی ڕووسیا هەبوو لەمەڕ دۆزی گەلی كوردستان.
ئەوەیشی دووپات كردەوە، كە پەیوەندییەكانی گەلی كوردستان و رووسیا مێژوویین و لە كوردستان ویستێكی زۆر هەیە بۆ پەرەپێدانی ئەو پەیوەندییانە. هیوای سەركەوتنیشی بۆ كونسوڵی رووسیا لە كارەكانی خواست. پەیوەست بە شەڕی تیرۆریش، سەرۆك بارزانی ئەوەی دووپات كردەوە، كە بە شانازییەوە یەكەم هەنگاوی تێكشكاندنی هەیبەتی داعش، لەسەر دەستی پێشمەرگەی كوردستان بووە.
بارودۆخی سیاسیی ناوچەكە و پەیوەندییەكانی هەرێم و بەغدا، تەوەرێكی تری ئەو كۆبوونەوەیە بوو.