عێراق.. سوننه و شیعه لهسهر دهركردنی هێزهكانی ئهمریكا ناكۆكن
شیعەکان بە کۆی دەنگ لەگەڵ دەرچوونی هێزەکانی ئەمهریکان
K24 – ههولێر:
داواکاریی دەرچوونی هێزەکانی ئەمهریکا لە عێراق، کێشە و ناکۆکی لە نێوان لایەنەکان و هاوپەیمانێتییەکان دروست کردووە، بە تایبەت ئەو هاوپەیمانێتییانەی لە نێوان هەندێک لایەنی شیعی و سوننی پێکهێنراون.
شیعەکان بە کۆی دەنگ لەگەڵ دەرچوونی هێزەکانی ئەمهریکان و لە بەرامبەریشدا، سوننەکان مانەوەی ئەو هێزانە بە گرەنتییەک بۆ ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکانیان دەزانن.
محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی ئهنجومهنی نوێنهرانی عێراق و سەرکردە لە هاوپەیمانیی میحوەر، کە یەکێکە لەلایەنەکانی ناو هاوپەیمانیی بونیاد، بە سەرۆکایەتیی هادی عامری، سەرۆکی رێکخراوی بەدر، لە کۆبوونەوەیدا لەگەڵ پاتریك شانەهان، وەزیری بەرگریی ئەمهریکا بە وەكالەت، داوای كرد سەربازانی ئەمهریكا، مەشق و راھێنانی زیاتر بە ھێزەكانی عێراق بكەن.
ئەمەش پێچەوانەی ئەو هەوڵانەیە، کە هاوپەیمانێتییەکەی بۆ دەرچوونی هێزەکانی ئەمهریکا دەیدات.
دەرچوونی هێزەکانی ئەمهریکا دەبێت لەسەر داواکاریی سەرۆک وەزیران بێت، پەرلەمانیش لە رێگەی دەرکردنی یاسایەک بۆ چۆنییەتی دەرچوونی ئەو هێزانە، بڕیارێک دەربکات، بەڵام سەرۆکایەتیکردنی پەرلەمان لەلایەن کەسێکی سوننە مەزهەبەوە، رەنگە ئاستەنگێکی گەورەبێت لە بەردەم ئەو هەوڵەی لایەنە شیعەکان.
حەنین قەدۆ، پەرلەمانتاری هاوپەیمانیی فەتح روونی کردووەتەوە، محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمان ئارەزووی مانەوەی هێزەکانی ئەمهریکا لە عێراقی هەیە، بۆیەش دژی دەنگدانن بۆ دەرچوونی ئەو هێزانە.
لەلایەکی دیکەوە، عەلی جەبار، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق، ئاماژەی بەوە داوە، پەرلەمان هیچ زانیارییەکی لەسەر ژمارەی سەربازانی ئەمهریکا نییە، بۆیە لەسەر حکوومەت پێویستە ژمارەیان ئاشکرا بکات. داواشی کرد، سەرۆک وەزیران بۆ ئەم مەبەستە بانگهێشتی پەرلەمان بکرێت.