هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژی داعش ئاماری قوربانیانی مه‌ده‌نی راگه‌یاند

لە كۆی زیاتر لە 34 ھەزار ھێرشی ئاسمانی بۆ سەر چەكدارانی داعش لە عێراق و سووریا

K24 – هه‌ولێر:

بەگوێرەی ئامارێكی نوێی ھێزەكانی ھاوپەیمانی نێوده‌وڵه‌تی دژی داعش بە سەرۆكایەتی ئەمه‌ریكا، لە ماوەی زیاتر لە 4 ساڵی رابردوودا، زیاتر لە ھەزار و 250 هاووڵاتی مه‌ده‌نی لە بۆردوومانە ئاسمانییەكاندا بە ھەڵە كوژران.

لە راگەیەندراوێكی ھێزەكانی ھاوپەیمانی نێوده‌وڵه‌تی دژی داعشدا ھاتووە: لە ساڵی 2014 ەوە تا ئێستا و لە كۆی زیاتر لە 34 ھەزار ھێرشی ئاسمانی بۆ سەر چەكدارانی داعش لە عێراق و سووریا، ھەزار و 257 مه‌ده‌نی كوژران.

لە بەرامبەردا ژمارەیەك رێكخراوی نێودەوڵەتی وەك ئێر وۆر، پێیانوایە ژمارەی قوربانیانی مەدەنی، زۆر لەو ژمارەیە زیاترە، كە ھاوپەیمانییه‌كه‌ بڵاویكردووه‌ته‌وه‌.

دوای سەرھەڵدانی داعش لە سووریا و ھاتنیشی بۆ عێراق لە ساڵی 2014 و داگیركردنی رووبەرێكی فراوان لە ھەردوو وڵات، فڕۆكەكانی ھاوپەیمانی نێوده‌وڵه‌تی دژی داعش، بۆردوومانە ئاسمانییەكانیان دەستپێكرد و تا ئێستا بەردەوامە.