باشترینەکانی ئەم مانگەی خولی نایابی کوردستان دەستنیشانکران
دیار عەلی بووە یەکەم کەس دوو جار خەڵاتی باشتیرنەکانی ئەم وەرزەی خولی نایابی کوردستان بەدەست بهێنێت
دیار عەلی خەڵاتی باشترین یاریزان و فاتیح حەمەخان خەڵاتی باشترین راهێنەر و هەنگاو محەمەد خەڵاتی جوانترین گۆڵی ئەم مانگەی خولی نایابی کوردستانیان بەدەستهێنا، کە دیار عەلی لەگەڵ نەورۆز لەم مانگە لە سێ یاری پێنج گۆڵی کرد و فاتیح حەمەخانیش لەگەڵ برایەتی حەوت خاڵی بۆ یانەکەی بەدەستهێنا و برایەتی لە ناوچەی دابەزین رزگارکرد و لەلایەن کوردستان24وە خەڵاتکرا کە مانگانە باشترینەکانی خولەکە دەستنیشان دەکات.
بۆ شەشەم مانگ لەسەر یەک باشترینی مانگانەی خولی نایابی کوردستان دەستنیشانکران و دیار عەلی بووە یەکەم کەس دوو جار خەڵاتەکان بەدەست بهێنێت.
دیار عەلی هێرشبەیر یانەی نەورۆز دوای ئەوەی دوو مانگ لەمەوبەر خەڵاتی باشترین یاریزانی مانگی یەنایەری بەدەستهێنابوو، بۆ دووەمجار خەڵاتی باشترین یاریزانی بەدەستهێنا و ئەمجارەیان بە باشترین یاریزانی مانگی مارس دەستنیشانکرا، کە ئەو هێرشبەرەی نەورۆز لەم مانگە لە سێ یاریدا پێنج گۆڵی بۆ یانەکەی کرد، بەرامبەر ئاکرێ سوپەر هاتریکی کرد و لە دوایین گەڕیش حەمکە گۆڵی یەکسانبوونی بەرامبەر ئارارات کرد و ئێستا بە کۆکردنەوەی 17 گۆڵ پێشەنگی گۆڵکارانی خولەکەیە.
فاتیح حەمەخانیش بە باشترین راهێنەری ئەم مانگەی خولی نایابی کوردستان هەڵبژێردرا، ئەو راهێنەرە دوای دەستبەکاربوونەوەی لە یانەی برایەتی لەم مانگە لە سێ یاریی حەوت خاڵی بۆ یانەکەی بەدەستهێنا، دوو بردنەوە و بەرامبەربوونێکی بەدەستهێنا.
لە یاریگای خۆی بە سێ گۆڵی بێبەرامبەر لە پێشمەرگەی هەولێری یەکەمی بردەوە و بە دوو گۆڵ بەرامبەر گۆڵێکیش لە دەربەندیخانی بردەوە، لە دەرەوەی یاریگای خۆشی بە گۆڵێک لەگەڵ دهۆک یەکسان بوو.
فاتیح حەمەخان یانەی برایەتی لە ناوچەی دابەزین دەرباز کردووە و ئێستا برایەتی بە 20 خاڵ لە پلەی یازدەم دێت
ئەم گۆڵەی هەنگاو محەمەدیش بەرامبەر زێرەڤانی لە گەڕی بیستەمی خولەکە بە جوانترین گۆڵی ئەم مانگە دەستنیشانکرا، لە کۆی ئەو 18 گۆڵەی لە دوایین گەڕ تۆمارکران، گۆڵەکەی یاریزانەکەی هەندرێن خەڵاتی جوانترین گۆڵی مانگی مارسی بەدەستهێنا.
مانگانە کوردستان٢٤ لە رێگای لێژنەیەکی تایبەت باشترینەکانی خولی نایابی کوردستان دەستنیشان دەکات و لە کۆتایی هەر مانگێک باشترینەکان خەڵات دەکات.
.jpg)