ئێران ڤیزای بێ بەرامبەر دەداتە ھاووڵاتیانی ھەرێمی كوردستان

ھیوادارین عێراق وەڵامی ئەرێنیمان بداتەوە

K24 - سلێمانی

سەعدوڵڵا مەسعودیان، کونسوڵى ئێران لە سلێمانى رایگەیاند: "ئێمە چەند جۆرە ڤیزایه‌كمان ھەیە، كه‌ ھاووڵاتیانی عێراق دەتوانن ھاتووچۆی ئێرانی پێ بكەن، ھیوادارین عێراق وەڵامی ئەو پێشنیازەمان بداتەوە و رەزامەندبێت، كە ھاووڵاتیان بتوانن ڤیزای 3 مانگ و 6 مانگ و ساڵێك، بەبێ بەرامبەر وەربگرن".

گوتیشی: "ئێمە لە سبەینێ 1/4/2019، ڤیزای بێ بەرامبەر دەدەینە ھاووڵاتیانی ھەرێمی كوردستان، دەتوانن دوای لێدانی ڤیزای سێ مانگی، سەردانی ئێران بكەن و مانگێك لەوێ بمێننەوە، ھیوادارم ھەرێمی كوردستانیش وەك ھەنگاوی ھاوتا، ئەو 25 ھەزار دینارەی لە ھاووڵاتیانی ئێرانی وەردەگرێت، لەكاتی سەردانیان بۆ ھەرێمی كوردستان، نەھێڵێت و پارەكە وەرنەگیرێت".

کونسوڵى ئێران لە سلێمانى راشیگەیاند: "خۆشبەختانە لە رێگەی نوێنەری حكوومەتی ھەرێمی كوردستان لە ئێران پێیان راگەیاندین، كه‌ وەزارەتی ناوخۆی ھەرێمی كوردستان لەگەڵ ھاتنی رێنماییە نوێیەكان، ئەوانیش ئەو 25 ھەزار دینارە لە دەروازە سنوورییەكان لادەبەن".

داواشی لە ھاووڵاتیانی ھەرێمی كوردستان كرد: "پەلە نەكەن لە وەرگرتنی ڤیزا و قەرەباڵغی دروست نەكەن، چونكە ئەو پڕۆسەیە بەردەوام دەبێت".

ھ.م