له سلێمانی و شێخان لافاو زیانی به هاووڵاتیان گه‌یاندووه و به‌فریش سنه‌ی سپی پۆش كرد
لە چەند گەڕەکێکی سلێمانی لافاو درووست بووه
K24 – هه‌ولێر:
بە ھۆی زۆری رێژەی باران بارین و زیادبوونی ئاوی ژێر زەوی، لە چەند گەڕەکێکی سلێمانی لافاو درووست بووه و زیان بەر ماڵ و رێگاوبانەکان گه‌یاندووه.
له نوێترین پێشهاتیشدا، ئه‌مشه‌و قائیمقامی سۆران، ئاگاداری شوفێران و هاووڵاتیانی كرده‌وه، كه رێگه‌ی سه‌ره‌كی گه‌لی عه‌لی به‌گ بۆ هاتوچۆ به‌كارنه‌هێنن.
له لێدوانێكدا بۆ كوردستان24، قائیمقامی سۆران، كرمانج عیزه‌ت، رایگه‌یاند، به هۆی تێكچوونی رێگه‌كه و درووستبوونی مه‌ترسی بۆ سه‌ر ژیانی هاووڵاتیان، بڕیارمان داوه رێگه‌كه داخه‌ین.
گوتیشی: شوفێران و هاووڵاتیان ده‌توانن رێگه‌ی بێخاڵ بۆ هاتوچۆ به‌كار بهێنن، تا چاره‌سه‌ری كێشه‌كانی رێگه‌كه ده‌كرێت.
له لایه‌كی دیكه‌وه، له شارۆچكه‌ی شێخان، به هۆی بارینی رێژه‌یه‌كی زۆری باران زیان به چه‌ندین ماڵ كه‌وتووه و چه‌ندین خانوو رووخاون.
خه‌ڵكی گوندی باسڤنێ داوای به هاناوه‌چوونیان كردووه، به هۆی زۆری بارانه‌وه، ژماره‌یه‌كی زۆر له خانووه‌كانیان رووخاون و هه‌روه‌ها هه‌ر له سنووری ناوچه‌كه به‌نداوێكیش له ناوچووه.
له لایه‌كی دیكه‌وه، سه‌ره‌ڕای به‌رده‌وامی شه‌پۆلی باران بارین و هه‌ڵسانی لافاو له چه‌ندین شار‌و شارۆچكه‌ی كوردستان، له رۆژهه‌ڵاتی كوردستان، بەفر پارێزگای سنەی سپی پۆش کرد و به‌و هۆیه‌وه رێگای هاتوچۆی زیاتر لە 150 گوندی پارێزگای سنەی گرت.