رووسیا به ‌بایه‌خه‌وه‌ ده‌ڕوانێته‌ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان

مۆسكۆ چاوی له‌په‌یوه‌ندی زیاتره‌ له‌گه‌ڵ هه‌ولێر

K24 - مۆسكۆ

رووسیا به‌ گرنگه‌وه‌ ده‌ڕوانێته‌ ئاینده‌ی سیاسی هه‌رێمی كوردستان و چاودێری گفتوگۆی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان ده‌كات. ده‌رباره‌ی رێككه‌وتن و پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان، حكوومه‌ت و په‌رله‌مانی رووسیا خوازیارن پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، مایه‌ی فراوانتر كردنی په‌یوه‌ندییه‌كان بێت.

دیدار و گفتوگۆی پارته ‌سیاسییەكانی هه‌رێمی كوردستان، بووەتە جێی سه‌رنج و بایه‌خی حكوومه‌ت و په‌رله‌مانی رووسیا، به‌جۆرێك مۆسكۆ چاوی له‌سه‌ر ره‌وتی هه‌نگاوه‌كانه‌ و به ‌گرنگه‌وه‌ ده‌ڕوانێته‌ ئاینده‌ی سیاسی‌ كوردستان، په‌یوه‌ست به‌م بابه‌ته‌ وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی رووسیا پشتیوانی وڵاته‌كه‌ی بۆ هه‌رێمی كوردستان دووپات ده‌كاته‌وه‌.

ماریا زه‌خارۆڤا‌، گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی رووسیا بە كوردستان24 گوت: "گه‌شه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ئێمه‌ و هه‌رێمی كوردستانی عێراق مێژووی خۆیی هه‌یه‌ و چالاك و كارا ده‌چنه‌ پێشه‌وه‌، به‌شێوه‌یه‌كی سه‌ره‌كی هه‌ماهه‌نگی ئێمه‌ له‌ سێكته‌ری سوته‌مه‌نی و وزه‌دا خۆی ده‌بینێته‌وه‌ و گه‌وره‌ترین كۆمپانیاكانی ئێمه‌، وه‌ك گازپرۆم و رووسنەفت له‌ دوو پڕۆژه‌ی قه‌باره‌ گه‌وره‌دا له‌وێ كارده‌كه‌ن. جێگەی ئاماژەیە هه‌م له‌ هه‌رێم و هه‌م له‌ به‌غدا ئاگاداری كاری ئه‌م كۆمپانیایانه‌ هه‌ن، به‌وپێیه‌ی ئیشیان روون و ئاشكرایه‌ و له‌سه‌ر بنه‌مای قازانجی هاوبه‌ش كارده‌كه‌ن. هه‌روه‌ك ئیشی ئه‌وان له ‌به‌رژه‌وه‌ندی گه‌لانی هه‌ردوو وڵاته‌، بۆیه‌ ئێمه‌ ئاماده‌ین په‌ره‌ به‌و په‌یوه‌ندییانه‌ بده‌ین و پێشیان بخه‌ین".

ھەر لەبارەی پەیوەندییەكانی ھەولێر و مۆسكۆ. پاڤێل نیكۆلایڤیچ، سه‌رۆكی كۆمیته‌ی وزه‌ی له‌ په‌رله‌مانی رووسیای فێدراڵ دەڵێ: "ئێمه‌ ئاره‌زوو ده‌كه‌ین كه‌ به‌هه‌مان شێوه‌ی عێراق، له‌گه‌ڵ كوردستانی عێراقیش هه‌ماهه‌نگی و هاریكاریمان هه‌بێت، به‌پێی رێككه‌وتن و به ‌چه‌شنێك ناكۆك نه‌بن له‌گه‌ڵ یه‌كتر چ له‌سه‌ر ئاستی عێراق چ له‌سه‌ر ئاستی كوردستانیش، واته‌ ئامانجمانه‌ كه‌ به‌سوودی هه‌ر دوولامان بێت، هه‌ڵبه‌ت هه‌ماهه‌نگی ئه‌شێت له‌سه‌ر ئاستی په‌رله‌مانیش بێت، ئێمه‌ ئه‌م په‌یوه‌ندییه‌مان له‌گه‌ڵ چه‌ند وڵاتێكی تری فێدراڵی پراكتیزه‌ كردووه‌، بۆیه‌ ئێمه‌ ئاماده‌ین بۆ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ هه‌ر وڵاتێك كه‌ ئاره‌زوومه‌ند بێت".

ھ.م