دەزگای مین داوا دەكات پیشەگەرەكانیان خانەنشین بكرێن

ژمارەی قوربانیانی مین و تەقەمەنی زیادی كردووە

K24 - ھەولێر

ئەمڕۆ رۆژی جیھانیی مین و تەقەمەنییە و دەزگای گشتیی كاروباری مینیش لە ھەرێمی كوردستان، بە چەند چالاكییەك ئەو رۆژە بەرز دەنرخێنێ و بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی ھەولێری دەزگای كاروباری مین لە ھەولێر، ئاشكرای دەكات كه‌ لە ساڵی رابردوو 13 كەس و ئەمساڵیش 4 كەس بەر مین كەوتوون، كە بەراورد بە ساڵی 2017 ژمارەی قوربانیان زیادی كردووە.

سیراج بارزانی، سەرۆكی دەزگای گشتیی كاروباری مین لە ھەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ 4/4/2019، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "ئەمساڵ دەزگای كاروباری مین لە ھەرێمی كوردستان دەبێتە خاوەن راپۆرتێكی ھونەریی ھەمەلایەنەی یەكسان بۆ تێكڕای ھەرێمی كوردستان، بۆ ئەوەی بە پشت بەستن بەم راپۆرتە، پلانی درێژخایەن دابنرێت".

لەبارەی ماف و ئیمتیازی كارمەند و مین لابەرانی دەزگای مینیش، سیراج بارزانی گوتی: "لەم خولەی پەرلەماندا و دوای تەواوكردنی یاساكان، لەگەڵ لیژنەی یاسای پەرلەمان دادەنیشین، ئەو بڕگەیەی كە تایبەتە بە خانەنشینی پیشەگەرانی كاروباری مین، بۆ ئەوەی پەسند بكرێت و یاسای خانەنشینی پیشەگەرەكان بگرێتەوە".

لەلایەكی دیكە جەمال جەلال، بەڕێوەبەری گشتیی دەزگای كاروباری مین/ ھەولێر بە كوردستان24ی گوت: "بەداخەوە لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا چوار كەس لە سنووری پارێزگای ھەولێر بەر مین كەوتوون، یەكێكیان گیانی لە دەست داوە و سێی دیكەش بریندار بوونە، لە ساڵی رابردووشدا 13 كەس بەر مین كەوتوون، 7یان گیانیان لە دەست داوە و 6ی دیكەش بریندار بوون، بەراورد بە ساڵی 2017 ژمارەی قوربانیان زیادی كردووە، چونكە لەو ساڵەدا 11 كەس بەرمین كەوتن".                               

ھ.م