به گوێره‌ی رێككه‌وتنی پارتی و یه‌كێتی وه‌زیری دادی عێراق ده‌ستنیشان ده‌كرێت
لایەنە سوننی و شیعییەکان هۆشداری دەدەن لە تەواونەکردنی کابینەکەی عادل عەبدولمەهدی
K24 – هه‌ولێر:
لایەنە سوننی و شیعییەکان هۆشداری دەدەن لە تەواونەکردنی کابینەکەی عادل عەبدولمەهدی و دەڵێن ئەگەر ئەو کابینەیە شکست بهێنێت، عێراق دەکەوێتە مەترسییەوە. هاوكات رێككه‌وتنی پارتی و یه‌كێتی له هه‌رێمی كوردستان، هه‌نگاوه‌كانی دانانی وه‌زیری دادی عێراق خێراتر ده‌كات.
هاوکات جێگری سەرۆکی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراقیش رایگه‌یاند، لە چەند رۆژی داهاتوودا تەواوی کابینەکە رادەگەیەندرێت بە وەزارەتی دادیشەوە کە بەپێی رێککەوتنی پارتی و یەکێتی وەزیرێکی بۆ دادەنرێت.
ده‌ستنیشانكردنی وه‌زیری دادی عێراق، كه پشكی هه‌رێمی كوردستانه، دوای ئه‌وه دێت، هه‌ریه‌ك له پارتی و یه‌كێتی به‌رده‌وامن له دانووستانه‌كانیان و دوای په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فۆنی سه‌رۆك بارزانی و كۆسره‌ت ره‌سوڵ عه‌لی، رۆژی چوارشه‌ممه‌ی رابردوو، هه‌ردوولا گه‌یشتنه تێگه‌یشتنێكی هاوبه‌ش و رێككه‌وتن كێشه‌كانی نێوانیان چاره‌سه‌ر بكه‌ن.
لە 24ی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردوو ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، دەنگی لەسەر کابینەی حکوومەتێکدا کە ئەمجارە عادل عەبدولمەهدی وەک بێلایەنێک سەرۆکایەتی دەکات، کابینەیەک هەندێک بە لاواز و هەندێکیش وەک خاوەنی زۆرترین بەربەست و رێگری دەیناسێنن، بەڵام تا ئێستا چه‌ند پۆستێكی وه‌زاری كابینه‌كه‌ی به به‌تاڵی ماونه‌ته‌وه.