هه‌رێمی كوردستان یادی ده‌رچوونی بڕیاری 688 ده‌كاته‌وه
28 ساڵ بەسەر بڕیاری 688ی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیدا تێدەپەڕێت
K24 – هه‌ولێر:
28 ساڵ بەسەر بڕیاری 688ی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیدا تێدەپەڕێت. دوای کۆڕەوە ملیۆنیەکەی خەڵکی هه‌رێمی کوردستان لە دەست زۆرداری و په‌لاماره‌كانی رژێمی بەعس، لەسەر پێشنیازی فەرەنسا، ئێران و تورکیا، رۆژی 5ی نیسان/ ئه‌پریڵی 1991، ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بڕیاری 688ی دەرکرد. دواتر ھێڵی 36 و ناوچەی دژە فڕینی لێکەوتەوە و ناوچەیەکی ئارام بۆ خەڵکی کوردستان دروستبوو.
ده‌رچوونی ئه‌و بڕیاره له مێژووی سیاسه‌ت و یاسای نێوده‌وڵه‌تیدا به وه‌رچه‌رخانێكی گرنگی مێژوویی له قه‌ڵه‌مده‌درێت، چونكه بۆ یه‌كه‌مجار بوو، وڵاتانی زلهێز بگه‌نه ئه‌و باوه‌ڕه‌ی پشت له بنه‌مای "ده‌ستتێوه‌رنه‌دان له كاروباری ناوخۆی وڵاتان" بكه‌ن و سه‌رده‌مێكی نوێ بێننه كایه‌وه، كه سه‌رده‌می "ده‌ستتێوه‌ردانه له كاروباری وڵاتان ئه‌گه‌ر مافه‌كانی مرۆڤ كه‌وتنه به‌ر مه‌ترسی".