به هۆی لافاو 14 شار له ئێران چۆڵ دهكرێن
حكوومەتی ئێران ھەوڵدەدەت رێگە لە زیانی زیاتر بگرێت
K24 - ھەولێر
ناوەندی قەیرانی ئێران بڕیاری چۆڵکردنی 14 شار و 110 گوندی پارێزگای خوزستان لە باشووری رۆژهەڵاتی ئەم وڵاتەی دەرکرد. وەزیری ناوخۆی ئێرانیش ئاشکرای کرد، لافاو هەڕەشە لە ژیانی 400 هەزار کەس دەکات.
لافاو لە ناوچەکانی ناوەند و باشووری زاگرۆس خەریکە لە قەیرانەوە بەرەو کارەسات دەچێ. دوو لە گەورەترین بەنداوەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە لە پارێزگای خوزستان لە باشووری رۆژئاوای ئێران هەڵکەوتوون پڕ بوون و لەگەڵ دەستپێکی بارانێکی دیکە مەترسی ژێر ئاو کەوتنی دەیان شار و گوند لە ئارادایە، هەر بۆیە بڕیاری چۆڵ کردنی 14 شار و شارۆچکە و 110 گوندی ئەو پارێزگایە دراوە.
وەزیری ناوخۆی ئێران کە سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی قەیران دەکات و سەبارەت بەو بڕیارە رایگەیاند، 400 هەزار کەس مەترسیی لافاویان لەسەرە و دەبێ پێشبینیی هەموو ئەگەرێک بکرێت.
عەبدولرەزا رەحمان فەزلی، وەزیری ناوخۆی ئێران دەڵێ: "ئێستا خەریکین لەنێوان خراپ و خراپتردا بڕیار دەدەین، نەک لە نێوان باش و خراپدا. 400 هەزار کەس مەترسیی لافاویان لەسەرە و ئەگەر تەنانەت 5% ئەگەری لافاو هەبێ دەبێ بە جددیی وەریبگرین و پێشبینیی پێویستی بۆ بکەین. خەڵک خەریکە نرخی ئەمانە دەدا و ئێمەش هەرچی دەیکەین بۆ خەڵکە و سوپاسی ئەو کەسانەش دەکەین کە یارمەتیمان دەدەن، بۆ ئەوەی رێگا لە زیانی زیاتر بگرین. حکوومەتیش مەینەتییەکانی خەڵک و زیانەکانیان دەبینێ و لەبەرچاوی دەگرێت".
بەپێی بڕیاری حكوومەتی ئێران، شار و شارۆچکەکانی حەمیدییە، بوستان، سووسەنگەرد، رەفیق، ئەبوو حومەیزە، کوت، سەید نەعیم، دەشتی ئازادگان، هویزە و نیسان، ئەلوان، ئەلهایی دەبێ بە تەواوی چۆڵ بکرێن و داوا کراوە تەنیا لاوەکان بۆ یارمەتیدانی خەڵک لە شار بمێننەوە. ئەگەرچی وەک وەزیری ناوخۆی رایگەیاند زیاتر لە چوارسەد هەزار کەس دەبێ شوێنەکانیان جێ بێڵن، بەڵام حکوومەت تەنیا بۆ 25 هەزار کەس شوێنی نشتەجێ بوون لە چەند کەمپێک دابین کردووە.
ھ.م