پەرلەمان بۆ پەسەندکردنی هەمواری یاسای سەرۆکایەتی هەرێم کۆدەبێتەوە

سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان بانگێشتی پەرلەمانتاران دەكات

K24 - ھەولێر

بەگوێرەی بانگێشتنامەیەكی سەرۆكایەتی پەرلەمان كە ئاراستەی ئەندامانی پەرلەمان كراوە، رۆژی چوارشەممە پەرلەمانی كوردستان كۆدەبێتەوە.

لەو بانگێشتنامەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان ھاتووە: "بەپێی حوكمی بڕگە (سێیەم)ی ماددە (18) لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستانی ـ عێراق، بڕیارماندا بانگهێشتی گشت ئەندامانی پەرلەمان بكەین، بۆ دانیشـتنی ژمارە (5)ی ئاسایی، ســـاڵی یەكەم لە خولی هەڵبژاردنی پێنجەمی پەرلەمان".

لەبارەی بەرنامەی کاری کۆبوونەوەکە، پەرلەمانی کوردستان بڵاویکردووەتەوە: "دەنگدان لەسەر پێشنیازی یاسای کاراکردنەوەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان- عێراق و هەمواری شێوازی هەڵبژاردنی سەرۆک تا پەسەندکردنی دەستوور دەکرێت".

بە گوێرەی بانگێشتنامەكە، كۆبوونەوەی پەرلەمانی كوردستان لە كاتژمێر 2ی پاشنیوەرۆ رۆژی چوارشەممە‌ 10/4/2019 ئەنجامدەدرێت.

ھ.م