به‌ڕێوبه‌ری گشتی كوردستان24: بۆ زۆر پرس و رووداوی ناوچه‌كه بووینه‌ته سه‌رچاوه‌ی یه‌كه‌م
میدیای كوردی، به سستی هه‌نگاو ده‌نێت
K24 – هه‌ولێر:
به‌ڕێوبه‌ری گشتیی دامه‌زراوه‌ی كوردستان24، نوره‌دین سه‌عید وه‌یسی، رایگه‌یاند، میدیای كوردی، به سستی هه‌نگاو ده‌نێت و له ئاست پێشكه‌وتنی ره‌وتی میدیای جیهانیی نییه، سه‌ره‌ڕای كه‌موكورتییه‌كانیش، كوردستان24 بۆ زۆر پرس و رووداوی ناوچه‌كه بووه‌ته سه‌رچاوه‌ی یه‌كه‌م.
له چوارچێوه‌ی به‌ڕێوه‌چوونی پیشانگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی كتێب له شاری هه‌ولێر پانێلێكی تایبه‌ت به رۆڵی دامه‌زراوه‌ی كوردستان24 و ره‌وشی میدیای كوردی، بۆ به‌ڕێوبه‌ری دامه‌زراوه‌ی كوردستان24 رێكخرا.
له‌و پانێله‌دا، نوره‌دین وه‌یسی، كه بڕوانامه‌ی ماسته‌ری له زانستی راگه‌یاندن هه‌یه و دامه‌زرێنه‌ر و به‌ڕێوبه‌ری رووداو بووه له رابردوودا، هه‌روه‌ها دامه‌زرێنه‌ر و به‌ڕێوبه‌ری گشتی كوردستان24، باسی له قۆناغه‌كانی ره‌وتی میدیایی له هه‌رێمی كوردستان كرد.
له‌و باره‌یه‌وه، نوره‌دین سه‌عید وه‌یسی گوتی: دوای راپه‌ڕین، تا ئێستاشی له‌گه‌ڵ بێت، له هه‌رێمی كوردستان، میدیایه‌كی به سیاسیكراو و حزبی بووه. جۆرێك به‌ره‌وپێشچوون هه‌یه، به‌ڵام له هه‌مانكاتدا سیاسه‌ت و حزبایه‌تی مۆركێكی سه‌ره‌كییه له میدیای كوردی و عێراقیدا به گشتیی.
هه‌روه‌ها گوتی: دوای راپه‌ڕین میدیای چاپكراو بره‌وی هه‌بوو. به‌شێكی زۆری رۆژنامه‌كانیش سه‌ر به حزبه‌كان بوون. هه‌ر حزبێك جۆرێك له میدیای هه‌بوو. لایه‌نه‌كان سه‌رچاوه‌ی دارایی كه‌ناڵه‌كانیان دابین ده‌كرد.
ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شكرد، دوای 2003 له هه‌رێمی كوردستان، گۆڕانكارییه‌ك هاته ئاراوه. كرانه‌وه‌یه‌كی زیاتر درووست بوو، به‌ڵام میدیای كوردی به ده‌ست كێشه‌وه ده‌ناڵێنێت. ناتوانێت كێبه‌ڕكێی میدیای هه‌رێمایه‌تی و جیهانی بكات.
به‌ڕێوبه‌ری گشتیی دامه‌زراوه‌ی كوردستان24، ره‌خنه‌شی له ئاستی میدیاكاران گرت و گوتی: ئه‌وانه‌ی له بواره‌كه كارده‌كه‌ن، به‌شێكی زۆریان ئه‌دیبن و رۆژنامه‌نووس نین. به‌ره‌و پێشچوون له میدیای كوردییدا سسته و له ئاستی پێویست نییه.
سه‌باره‌ت به جوگرافیای رووماڵی میدیای نوره‌دین وه‌یسی گوتی: پێویسته به هۆشدارییه‌وه له چه‌مكه‌كان بڕوانین. زمان جۆری بینه‌ر و سنووری بینه‌ران ده‌ستنیشان ده‌كات. زمانی كوردی سنوورداره به به‌راورد به زمانی گه‌لانی ناوچه‌كه.
له باره‌ی پرسی ئازادیشه‌وه گوتی: ئازادی له راگه‌یاندن به ته‌نیا په‌یوه‌ندی به سه‌ربه‌خۆیی داراییه‌وه نییه، پاره‌داركردنی میدیا له لایه‌ن حزبه‌كانه‌وه ته‌نیا كێشه نییه. كێشه‌ی زیاتر هه‌یه. له‌وانه پرسی پیشه‌یی نه‌بوونی رۆژنامه‌نووسانه. هه‌روه‌ها گرنگی نه‌دانیان به ساده‌ترین بنه‌ماكانی نووسین و داڕشتنی هه‌واڵ. ته‌نانه‌ت به‌شێكی زۆری هه‌واڵی بڵاوكراوه‌ی كه‌ناڵه‌كان، هه‌واڵ نین.
به‌ڕێوبه‌ری گشتیی كوردستان24 سه‌باره‌ت به ئه‌زموونی كاری دامه‌زراوه‌ی كوردستان24 گوتی: ئێمه سه‌ره‌ڕای ئه‌و كێشانه، وه‌ك ئه‌زموونی كوردستان24، له چه‌ندین رووداو و پێشهاتدا ئێمه بووینه‌ته سه‌رچاوه. ته‌نانه‌ت تاكه سه‌رچاوه بووین. بۆنموونه له شه‌ڕی داعش، له سووریا و هه‌روه‌ها كاتێك هێرشكرایه سه‌ر په‌رله‌مانی ئێران، ئێمه تاكه كه‌ناڵ بووین راسته‌وخۆ وێنه‌كانمان بڵاوكرده‌وه.
ئ.ر