هه‌ڵبژاردنی كنێستی ئیسرائیل بۆ نه‌ته‌نیاهو چاره‌نووسسازه‌

ركابه‌ره‌كه‌ی لاواز ده‌رده‌كه‌وێت

K24 - هه‌ولێر:

ئه‌مڕۆ سێشەممە 9ی نيسانى 2019، ھەڵبژاردنی پەرلەمانی ئیسرائیل بەرێوەدەچێت و تێیدا زیاتر لە 40 پارتی سیاسی، کێبرێ لەسەر بردنەوەی 120 کورسی پەرلەمانی ئیسرائیل یان (کنێست) دەکەن.

ھەڵبژاردنەکه‌ بۆ دیاریکردنی پەرلەمانتارانی 21ەمین خولی کنێست و دواجار پێکھێنانی حکوومەتە، بەڵام کنێست بەربەستی پەرلەمانی ھەیە کە لەسەدا 3.25% دەنگەکانە، واتە تەنیا چەند پارتێك دەتوانن ئەو  بەربەستی تێپەڕێنن, به‌ر له‌ دەنگدانی گشتیى، سوپا و ھێزە ئەمنیەکان دەنگیاندا.

کێبرکێی توند لەنێوان بنیامین نه‌تەنیاھو، سەرۆکی پارتی لیکۆد و سەرۆکوەزیرانی ئێستا و بێنی گانتز، سەرۆکی پارتی شین و سپی و فەرماندەی پێشووی سوپای ئیسرائیلدایە، پرسه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی هه‌ڵبژاردنیش، ئاسایش و بابەتە نەتەوەییەکانن.

لیكۆد و ده‌سه‌ڵات

لە ساڵی 1977ەوە پارتەکەی بنیامین نه‌تەنیاھو دەسەڵاتی وڵاتەکەی لەدەستە. ئەگەر ئەم ھەڵبژاردنەش بباتەوە، دوای ده‌یڤی بنگۆریۆن, دامەزرێنەری دەوڵەتی ئیسرائیل، دەبێتە تاکە کەس، ھێندە لە دەسەڵاتدا مابێتەوە.

ناساندنی ئۆرشەلیم/ قودس، بە پایتەختی ئیسرائیل، بەفەرمی ناساندانی بەرزاییەکانی جۆلان وەك بەشێك لە سەروەری خاکی ئیسرائیل و سیاسەتی رووبەرووبوونەوەی ئێران، خاڵی بەھێز و بانگەشەی سەرەکی بنیامین نه‌ته‌نیاهون, کە لە ئیسرائیل بە "بی بی" ناسراوە و ئەگەری زۆرە "بی بی" ئەم ھەڵبژاردنەشیان بباتەوە.

ناتەنیاھۆ دەڵێت: "ئەگەر ھەڵبژاردنەکان ببه‌مه‌ کەناری رۆژئاواش ده‌خه‌مه‌وه‌ سەر ئیسرائیل و یەکەکانی نیشتەجێبوونی جووەکان فراوانتر ده‌كه‌م".

بێنی گانتزیش بابەتی تێوه‌گلانی نه‌ته‌نیاهو لە گەندەڵی، چاکسازی ئابووری، گەڕاندنەوەی دەسەڵات و شکۆ بۆ دادگاکانی وڵات و جۆلان و ئۆرشەلیمی کردبووە ئەجێندانی خۆی.

خاڵی به‌هێزی نه‌ته‌نیاهو

ئێستا نه‌ته‌نیاهو، پێشی کەوتووەته‌وە و به‌ر ھەڵبژاردنەکان جۆلان و ئۆرشەلیمیشی یەکلا کردەوە، ئێستا گانتز کەمپینێکی لاوازی ھەیە و وه‌ك رکابەرێکی بێ ئەزموون و لاواز دەردەکەوێت.

نەخشەی سیاسی ئیسرائیل بەشێوەیەکە ھیچ یەك لە پارتەکان ناتوانن زۆرینەی دەنگەکان ببنەوە و بە تەنیا حکوومەت پێکبھێنن، ھەر لە ئێستاوە ھەوڵی رکابەرەکان درووستکردنی ھاوپەیمانیەكە بۆ پێکھێنانی حکوومەت. زۆربەی پارتەکان پێشوەختە رایانگەندووە کە تەنیا لەگەڵ نه‌ته‌نیاهو ھاوپەیمانی دەکەن. بۆیە ئەگەری بردنەوەی نه‌ته‌نیاهو زۆرە.

ئ. م 

Fly Erbil Advertisment