بهشێكی لایهنهكان له دهرهوهی كابینهی نوێ دهمێننهوه
كۆمهڵی ئیسلامی: پارتی پێشنیازی بهشداریكردنی له حكوومهت بۆ نهكردووین
K24 - ھەولێر
پارتی نایەوێ حکوومەتی ئەمجارە هاوشێوەی جاری پێشوو بنکە فراوان بێ. ئەندامێکی سەرکردایەتیی پارتی بە کوردستان24ی راگەیاند "ئەزموونی حکوومەتی بنکەفراوان تاڵ بووە و پارتی دووبارەی ناکاتەوە، بەڵكو پارتی هەوڵ دەدات پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەو هێزانەی دەبنە ئۆپۆزسیۆن ئاسایی بن".
ئەندامێكی مەکتەبی سیاسیی کۆمەڵی ئیسلامی ئاشکرای دەکات، کە پارتی پیشنیازی بەشداریکردنی لە حكوومەت بۆ کۆمەڵ نەکردووە و کۆمەڵیش هەوڵ دەدات پەیوەندییەکانی ئاسایی بکاتەوە.
عەبدولستار مەجید، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی کۆمەڵی ئیسلامی كوردستان بە كوردستان24ی راگەیاند: "كۆبوونەوەكانی ماوەی رابردوومان لەگەڵ پارتی و یەكێتی، بۆ یەكخستنەوەی پەیوەندییەكان بووە، بە ھیچ شێوەیەك باسی پێكھێنانی حكوومەت نەكراوە و بە فەرمیش داوا لە كۆمەڵ نەكراوە بەشداریی لە كابینەی نوێی حكوومەت بكات".
گوتیشی: "لە دوای ھەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كە لە 30/9/2018 بەڕێوە چوو، كۆمەڵ ھەوڵی داوە پەیوەندییەكانی لەگەڵ لایەنەكان ئاسایی بكاتەوە".
لای پارتی پێناچێت بەشداریی پێکردنی کۆمەڵ، یان هەر لایەنێکی دیکەی جگە لە گۆڕان و یەکێتی و پێکهاتەکان بژاردەیەکی خواستراو بێت، چونکە بە گوتەی ئەندامێكی سەرکردایەتیی پارتی ئەوە دووبارەکردنەوەی ئەزموونی حکوومەتی بنکە فراوانە.
فازڵ بەشارەتی، ئەندامی سەركردایەتیی پارتیی دیموكراتی كوردستان دەڵێ: "حكوومەتی بنكە فراوان لە كابینەی ھەشت كێشەی زۆری بۆ خەڵكی كوردستان و پارتی دروست كرد، بۆیە ھیوادارم كابینەی ئەم جارە تەنھا لەنێوان پارتی و یەكێتی و گۆڕان پێك بھێنرێت".
ھ.م