فراكسیۆنی یەكێتی: پێشنیازی زیادكردنی جێگرێكی دیكە بۆ سەرۆكی ھەرێم جێگیر كراوە
"لەگەڵ فراکسیۆنەکانی دیکە لە دانوستاندا دەبین بۆ دەنگدان لەسەری"
K24 - ھەولێر
لوقمان وەردی، پەرلەمانتاری یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان بە كوردستان24ی رایگەیاند: "پێشنیازی دانانی دوو جێگر بۆ سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ماددەی 3ی پڕۆژەیاسای هەمواری سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان جێگیر کراوە و لانابرێت، بۆئەم مەبەستەش لەگەڵ فراکسیۆنەکانی دیکە لە دانوستاندا دەبین، بۆ ئەوەی دەنگدان لەسەر جێگری دووەم و ماددەكانی دیكە بكرێت".
ئاماژەی بەوەش دا: "بڕیار بوو رۆژی دووشەممەی رابردوو، رێککەوتنی نێوان پارتی و یەکێتی واژۆ بكرێت، بەڵام دەرفەتی زیاتر درا، بۆ ئەوەی پارتی لەگەڵ برادەرانی گۆڕان گفتوگۆی زیاتر بكات".
گوتیشی: "ئەو رێككەوتنەی شاندی دانوستانكاری ئێمە لەگەڵ پارتی كردوویەتی لەبارەی پۆستەكان، یەكێتی ھیچ گرفتێكی لەگەڵ نییە و پێی رازییە".
ھ.م