سعوودیە وەبەرهێنان لە ھەرێمی کوردستاندا دەکات
سعوودیە: بۆ کارکردن لە عێراق ترسمان نییە
K24 - ھەولێر
سعوودیە بە نیازە وەبەرهێنان لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا دەست پێ بکات. ساڵح بن شەباب ئەلسولەمی، سەرۆکی دەستەی گەشەپێدان و هەناردەکردنی سعوودیە بە کوردستان24ی راگەیاند، لە هەموو ناوچەکان و لە هەموو بوارەکاندا نیازی کارکردنیان هەیە و جهختیش دهكاتهوه كه لهم رووهوه هیچ ترس و دڵەڕاوکێیەکیان لە ئێران نییە.
لای خۆیشیهوه وەزیری ئاوەدانکردنەوەی هەرێمی کوردستان دووپاتی دەکاتەوە، کە ئەوان نابنە بەشێک لە ململانێکان، هاوكات حکوومەتی عێراق له پهیوهست به پهیوهندییهكانی لهگهڵ وڵاتانی دراوسێیدا، جەخت لە سیاسەتێکی هاوبەش دەکاتەوە.
دوای کردنەوەی نوێنەرایەتیی دیپلۆماسیی خۆی لە بەغدا، سعوودیە بە نیازە لە کایەی ئابووری و سیاسیی عێراقدا ببێتە وڵاتی ژمارە یەک. خەونێک کە هەر زوو تووشی بەربەستی بەرژەوەندییەکانی ئێران دەبێ و لەگەڵ ئەوەشدا سعودییەکان سوورن لەسەر بەردەوامی دان بە رێگاکە.
ساڵح بن شەباب ئەلسولەمی، سەرۆکی دەستەی گەشەپێدان و هەناردەکردنی سعوودیە بە كوردستان24ی راگەیاند: "ویست و سووربوون هەیە لەلایەن کۆمپانیاکانمانەوە بۆ وەبەرهێنان و هیچ ترس و دڵە راوکێیهكیشمان لهم بارهیهوه نییە. پەیوەندیی ئێمە و عێراق پەیوەندییەکی کۆنە و ئەمە دۆخە سروشتییەکەیەتی کە هەیە. دڵخۆشین بەوەی بۆ هەمیشە لە عێراق بین و دەمانەوێ وەبەرهێنانمان لە عێراق درێژە پێ بدەین. چونكه عێراق ژینگەیەکی گونجاوە بۆ وەبەرهێنان، بە تایبەتی شارەکانی هەولێر، بەسرە و بەغدا. هاوكات دەمانەوێ لە هەموو ناوچەکاندا و له ههموو بوار و كهرتهكاندا کار بکەین".
سعوودییەکان چاویان لە بازاڕی کوردستانیشە و دەیانەوێ لێرەش ئەسپی خۆیان تاو بدەن، هەرێمی کوردستانیش سوورە لەسەر ئەوەی نەهێڵێ ببێتە گۆڕەپانی ململانێی ئەو دراوسێیانەی کێشەیان لەگەڵ یەکتری هەیە.
لهم ڕووهوه دەرباز کۆسرەت، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن لە حكوومەتی ھەرێمی كوردستان دەڵێ: "ئێمە رۆڵی سعوودیە و وڵاتانی دیكەی دراوسێ بە گرنگ دەزانین. ھەرێمی كوردستان پەیوەندیی لەگەڵ ھەموو دراوسێكان باشە، ههروهها پەرە بهم پهیوهندییانهی دەدات و بە ھیچ شێوەیەك نابینە بەشێك لە ململانێی وڵاتان".
چەند رۆژێک لەمەوبەر بەغدا شاندی پەرلەمانیی هەموو وڵاتانی دراوسێی گرتە خۆ، وەک ئەوەی عێراق بهم ههنگاوهی بیەوێ بڵێ بۆ لەمەودوا سیاسەتی هاوسەنگ لە بەرامبەر هەموواندا پەیڕەو دەکات.
لەم بارەیهوە دارا یارا، بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی عێراق دەڵێت: "ئێمە لایەنگری لە كێشەكانی وڵاتان ناكەین، بەڵكوو دەمانەوێت ببینە ھۆكار بۆ نزیكبوونەوەی وڵاتانی ناوچەكە و جیھان له یهكتری".
ھ.م