جێگری سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا ستایشی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات

بۆ پاراستن و به‌رگریكردن له‌ پێكهاته‌ ئایینى و نه‌ته‌وه‌یییه‌كان

K24 – هه‌ولێر:

نێچیرڤان بارزانى, سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان و مایك پێنس جێگرى سه‌رۆكى ئه‌مه‌ریكا له‌ په‌یوه‌ندییه‌كى ته‌له‌فۆنیدا دوایین پێشهاته ئه‌منییه‌كانى ناوچه‌ كێشه‌ له‌سه‌ره‌كان و پرۆسه‌ى سیاسییان له‌ هه‌رێمى كوردستان تاوتوێكرد.

له‌ په‌یوه‌ندییه‌ ته‌له‌فۆنییه‌كه‌دا كه‌ ئێواره‌ى دوێنێ پێنجشه‌ممه‌ ئه‌نجام درا، نێچیرڤان بارزانى جه‌ختى له‌ گرنگیى به‌رده‌وامیى هاوكاریى ئه‌مه‌ریكا كرده‌وه‌ بۆ سه‌قامگیریى ئاسایش و ئارامى له‌ ناوچه‌ كێشه‌ له‌سه‌ره‌كان و رێخۆشكردن بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ى زیاتر له‌ ملیۆنێك ئاواره‌ى عێراقى بۆ ناوچه‌كانیان كه‌ هێشتا له‌ كه‌مپه‌كانى هه‌رێمى كوردستاندان، هه‌روه‌ها پوخته‌یه‌كى ده‌رباره‌ى دوایین هه‌وڵ و گفتوگۆكانى پێكهێنانى كابینه‌ى نوێى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و په‌یوه‌ندى و دیالۆگى هه‌ولێر ـ به‌غدا بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستوور، پێشكه‌ش كرد.

هه‌روه‌ها سه‌رۆك وه‌زیران پێزانینى هه‌رێمى كوردستانى بۆ ئه‌مه‌ریكا دووپاتكرده‌وه‌، له‌ شه‌ڕى دژى تیرۆردا پشتگیرى و هاوكارى پێشكه‌ش به‌ هه‌رێمى كوردستان كرد. جه‌ختى له‌ گرنگیى هاوبه‌شى و به‌رده‌وامیى هاوكارى و هه‌ماهه‌نگیى هه‌ردوولا كرده‌وه‌.

له‌ به‌رامبه‌ردا، پێنس ستایشى نێچیرڤان بارزانى و حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و رۆڵى پێشمه‌رگه‌ و خه‌ڵكى كوردستانى كرد بۆ حه‌واندنه‌وه‌ى ئاواره‌ و په‌نابه‌ران له‌ هه‌رێمى كوردستان و بۆ پاراستن و به‌رگریكردن له‌ پێكهاته‌ ئایینى و نه‌ته‌وه‌یییه‌كان كه‌ ڕووبه‌ڕووى تیرۆرى داعش ببوونه‌وه.

هه‌روه‌ها پرسه‌ سه‌‌رخۆشى له‌ خانه‌واده‌ى شه‌هیدانى پێشمه‌رگه‌ و قوربانیانى تیرۆر كرد.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا، پێنس جه‌ختى له‌ به‌رده‌وامیى هاوكارى و هه‌ماهه‌نگیى هه‌رێمى كوردستان و عێراق له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا كرده‌وه‌ بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى مه‌ترسییه‌كانى تیرۆر كه‌ هێشتا هه‌ڕه‌شه‌ له‌ عێراق ده‌كه‌ن و ده‌یانه‌وێت ئارامى و سه‌قامگیریى وڵاته‌كه‌ تێك بده‌ن.

سه‌رچاوه‌:KRG

Fly Erbil Advertisment