دهنگۆی رێككهوتنی فهتح و سائیرون له بارهی وهزارهتی ناوخۆی عێراق له ئارادایه
فەرماندەی پێشووی دەزگای دژە تیرۆری عێراق، بۆ پۆستی وەزارەتی ناوخۆ كاندید دهكرێت
K24 – ههولێر:
ھەرچەندە بە فەرمی ھیچ رێككەوتنێكی نێوان ھەردوو ھاوپەیمانێتی سائیرون و فەتح، لەسەر كاندیدانی وەزارەتە متمانە پێنەدراوەكان ئاشكرانەكراوە، بەڵام بەگوێرەی لێدوانی چەند پەرلەمانتارێكی عێراق، ھەردوو ھاوپەیمانێتییەكە لەسەر كاندیدكردنی عەبدولغەنی ئەسەدی فەرماندەی پێشووی دەزگای دژە تیرۆری عێراق، بۆ پۆستی وەزارەتی ناوخۆ رێككەوتوون.
ھاوكات، ھاوپەیمانی چاكسازی ترسی ھەیە لە ھەڵوەشاندنەوەی ھاوپەیمانێتییەكەیان و دروستبوونی كوتلەیەكی ئۆپۆزیسیۆن.
لەوبارهیەوە فازڵ جابر، پەرلەمانتاری ھاوپەیمانی فەتح لە لێدوانێكدا ئاشكرایكرد، پێشبینی دەكرێت ھەفتەی داھاتوو، ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بابەتی دەنگدان لەسەر تەواوكردنی پێكھاتەی حكومەت، بخاتە بەرنامەی كاری دانیشتنەكانی.
ئاماژەیكرد، ھەندێك لێكتێگەیشتنی سەرەتایی لە نێوان كوتلە سیاسییەكان، لەبارەی كۆتاییھێنان بە كێشەكان و دەنگدان لەسەر ناوی كاندیدانی وەزارەتەكانی، بەرگری، ناوخۆ، داد، پەرەوەردە ھەیە.
ههروهها حەیدەر موللا سەركردە لە ھاوپەیمانی چاكسازیش بە رۆژنامەی شەرقولئەسەتی راگەیاندووە، فەتح و سائیرون ھەنگاوی باشییان بڕیووە و لێكتێگەیشتن ھەیە لەنێوانیاندا، بەڵام ترسیان لە ھەڵوەشاندنەوەی ھاوپەیمانێتییەكان و دروستبوونی كوتلەیەكی ئۆپۆزسیۆن ھەیە، بۆیە ناتوانن ھەنگاوی زیاتر بۆ لێكنزیكبوونەوە بھاوێن.
مەحمود موللا تەڵال، پەرلەمانتاری رەوتی حیكمەش ئاشكرایكردووە، فەتح و سائیرون لەسەر كاندیدكردنی عەبدولغەنی ئەسەدی فەرماندەی پێشووی دەزگای دژە تیرۆری عێراق، بۆ پۆستی وەزارەتی ناوخۆ رێككەوتوون.
پێشتر عادل عەبدولمەھدی، سەرۆك وەزیرانی عێراق رایگەیاندووە، چاوەڕێی رێككەوتنی كوتلە سیاسییەكان لەسەر ناوی كاندیدان دەكات، بۆ ئەوەی لە دانیشتنەكانی داھاتووی پەرلەمان دەنگیان لەسەر بدرێت، بڕیاریشە لە 27ی ئەم مانگە ئەنجوومەنی نوێنەران دەست بە كۆبوونەوەكان بكاتەوە.