45 ساڵ به‌سه‌ر بۆردومانكردنی پردی گه‌ڵاڵه تێده‌په‌ڕێت
یه‌كێك له‌برینداره‌كان چیرۆكی كاره‌ساته‌كه بۆ كوردستان24 ده‌گێڕێته‌وه
K24 – هه‌ولێر:
چل و پێنج ساڵ له‌مه‌وبه‌ر به ئامانجی لاوازكردنی شۆڕشی ئه‌یلول فڕۆكه جه‌نگییه‌كانی عێراق بۆردوومانی پردی گه‌ڵاڵه‌یان له ده‌ڤه‌ری باڵه‌كایه‌تی كرد و زیاتر له سه‌د كه‌س له ژن، منداڵ، پێشمه‌رگه و كاسبكار شه‌هید و برینداربوون، یه‌كێك له‌برینداره‌كان چیرۆكی كاره‌ساته‌كه بۆ كوردستان24 ده‌گێڕێته‌وه.
حه‌مه‌د مه‌نگوڕ، ئه‌وكات ته‌مه‌نی ته‌نها 19 ساڵان بووه، كه فڕۆكه جه‌نگییه‌كانی عێراق پردی گه‌ڵاڵه‌ی باڵه‌كایه‌تی بۆردوومان ده‌كه‌ن.
به‌گێڕانه‌وه‌ی ئه‌و تراژیدیایه‌ی له‌و رۆژه‌دا بینیویه‌تی، هه‌نسكه‌كانی ده‌خواردنه‌وه و به‌زۆر گریانی كۆنتڕۆڵ ده‌كرد، ئه‌و وه‌ك بڵێی ئێستا هه‌مان رۆژه باسی چیرۆكه‌كانی تێكه‌ڵبوونی پارچه‌كانی لاشه‌ی مرۆڤ و ئاژه‌ڵی ده‌كرد.
له 26ی نیسان/ ئه‌پریڵی ساڵی 1974 فڕۆكه‌كانی رژێمی به‌عس به‌چه‌كی قه‌ده‌غه‌كراوی ناپاڵم بۆردوومانی پردی گه‌ڵاڵه‌یان كرد و له‌ئه‌نجامدا زیاتر له سه‌د كه‌س شه‌هید و برینداربوون، كه لاشه‌ی زۆربه‌یان نه‌دۆزرانه‌وه و بوونه شه‌هیدی بێ گۆڕ.