گۆڕان لەبارەی پرسی سهرۆكی ههرێم و جێگرهكانی دوا بڕیار دەدات
جڤاتی گشتیی چەند راسپاردەیەكی ئاراستەی جڤاتی نیشتمانی كردووە
K24 - سلێمانی
ئەمڕۆ جڤاتی گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان لە سلێمانی كۆبووەوە و چەند راسپاردەیەكی ئاراستەی جڤاتی نیشتمانیی حزبەكەی كردووە، بۆ ئەوەی سبەی لە كۆبوونەوەیەكدا بڕیاریان لەسەر بدات. بە گوێرەی زانیارییەكانیش، یەكێك لە راسپاردەكان لەبارەی دانانی جێگری دووەمە بۆ سەرۆكی ھەرێم، كە یەكێتی و گۆڕان لەسەری ناكۆكن و بڕیاریشە سبەی گۆڕان دوا قسەی خۆی لەسەر ئەو بابەتە بكات.
ئارام بەختیار، پەیامنێری كوردستان24 لە سلێمانی رایگەیاند: "لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی جڤاتی گشتیی بزووتنەوەی گۆڕاندا گفتوگۆ لەسەر چەند راسپاردەیەك كراوە، بۆ ئەوەی لە كۆبوونەوەی سبەی جڤاتی نیشتمانیی گۆڕان بڕیاریان لەسەر بدرێت".
بە گوێرەی زانیارییەكانی پەیامنێرمان: "ئەو خاڵانەی كە ئەمڕۆ جڤاتی گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان گفتوگۆیان لەبارەوە كردوون، بریتین لە پرسی پێكھێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، كە بڕیارە لە چەند رۆژی داھاتوودا لایەنەكان رێككەوتنی كۆتایی لەو بارەوە واژۆ بكەن. یەكێك لە خاڵەكانیش دانانی جێگری دووەمە بۆ سەرۆكی ھەرێم، لە كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆ گۆڕان تاووتوێی ئەوەی كردووە كە بە كام میكانیزم قایل دەبن بە دانانی جێگری دووەم. ھەروەھا تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكە باسكردن بووە لە چەند پرسێكی ناخۆی گۆڕان".
كوردستان24 زانیویەتی، گۆڕان بەوە رازی بووە جێگری دووم بۆ سەرۆكی ھەرێم دابنرێت، بەڵام بۆچوونی خۆی لەسەر دەسەڵات و میكانیزمی جێگری دووەم دەخاتەڕوو.
ھ.م