گەڕەکێکی وێرانبوونی کۆبانێ دەکرێتە مۆزەخانە

دانیشتوانی گەڕەكەكە یادەوەرییەكانی دەگێڕنەوە

K24 - كۆبانێ

گەڕەکێکی شاری کۆبانێ لە رۆژئاوای کوردستان کە بەهۆی شەڕی داعشەوە بە تەواوی وێران بووە، دوای تەواوبوونی شەڕەکە بڕیاردراوە ئەو گەڕەکە بکرێتە موزەخانە.

بەشێك لە دانیشتوانی گەڕەکەکەی باس لە چەندین یادگاری تاڵ و شیرین دەكەن كە لە گەڕەكەكە ھەیانە و شەڕڤانانیش باسی رۆژە سوختەكانی شەڕ و بەرگری دەكەن، ئەوەش دەخەنەڕوو كە ژمارەیەك لە ھەڤاڵانیان لە شەڕی داعش لەو گەڕەكە شەھید بوونە.

مۆردەم کۆبانێ، شەڕڤانی یەپەگەیە ئەو بە كوردستان24ی گوت: "ئەو گەڕەكەی كۆبانێ دەكرێتە مۆزەخانە، بۆ ئەوەی ھەموو جیھان ببینێ كە لێرە چۆن شەڕی تیرۆر كراوە، چەندین رۆڵەی كورد گیانی خۆیان كردە قوربانی و ھەر چوار پارچەی كوردستانیش بەشداری لە شەڕی كۆبانێ كردووە".

گەڕەكی مۆزەخانە یان گەڕەكی "شەھید سەرحەد" لە كۆبانێ، پێش شەڕی داعش بە گەڕەكی كۆرتێ ناسرابوو، ئێستا ھەر كۆڵانێكی گەڕەكەكە ناوی شەھیدێكی لێنراوە.

له‌ ساڵی 2014 زۆربەی شاری كۆبانێ له‌لایه‌ن چه‌كدارانی داعشه‌وه‌ داگیركرا و له‌ 26ی كانوونی دووه‌می ساڵی 2015، هێزه‌كانی یه‌په‌گه‌ و پیشمه‌رگه‌ی كوردستان، به‌ هاوكاری هێزه‌كانی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی شاره‌كه‌یان له‌ده‌ست ئه‌و رێكخراوه‌ رزگاركرد.

ھ.م