چەند چەکدارێک کوڕ و باوکێک لە خانەقین شەهید دەکەن

"باوکی بۆ رزگارکردنی کوڕەکەی چووە، ئەویش شەهید کراوە"

K24 – هه‌ولێر:

شەوی رابردوو لە قەزای خانەقین و له‌ نزیک گوندەکانی ئەحمەد تاهیر و حەبیب، له‌ پشت به‌نزینخانەی خەلفیە، کۆمەڵێک چەکدار بە دەستڕێژی گولـلە، هاووڵاتییەکی کورد شەهید دەکەن. باوکی قوربانییەکەش کە بۆ رزگارکردنی کوڕەکەی دەچێتە شوێنی رووداوەکە، شەهید دەکرێت.

شێخ جەعفەر مستەفا، بەرپرسی لقی 15 پارتیی دیموکراتی کوردستان بە کوردستان24ی راگەیاند: "هاووڵاتی دلێر نەجم ئیبراهیم دەکەوێتە بۆسەیەکی چەند چەکدارێک، کە گومان دەکرێت داعش، یان میلیشیاکان بن و شەهید دەکرێت".

ئاماژەی بەوەش دا، دلێر نەجم سەرەتا بە تەقەی چەکدارەکان بریندار کراوە، دواتر پەیوەندی بە دایکییەوە کردووە و ماڵەوەی لێ ئاگادار کردووەتەوە، بەڵام چەکداره‌كان دەرفەتی ژیانیان پێ نەداوە و شەهیدیان کردووە و ئۆتۆمبێلەکەشی لە جۆری تەکسی، سوتێنراوە.

ئەو بەرپرسەی پارتی ئاشکراشی کرد، باوکی دلێر بە ناوی نەجم ئیبراهیم مستەفا، پێشمەرگەی شۆڕشی ئەیلوول، بۆ رزگاکردنی کوڕەکەی چووەتە شوێنی رووداوەکە، بەڵام ئەویش شەهید کراوە.

لە دوای رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەر و کشانەوەی پێشمەرگە، کەلێنی ئەمنیی زۆر لە قەزای خانەقین و دەوروبەری دروست بووە، بە جۆرێک بەشێک لە گوندە کوردنشینەکان، ناوچەکانیان جێهێشتووە.

‌H.J