عەلی زەیدی: بەرپرسیارێتیی پاراستنی عێراق دەکەوێتە ئەستۆی هەموومان
ئەمڕۆ چوارشەممە، 30ـی ئەیلوولی 2026، عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، کۆتاییهاتنی ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆ شەڕی دژی داعش لە عێراق راگەیاند.
رێوڕەسمەکە لە بەغدا و بە ئامادەبوونی فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانان و ژمارەیەک لە فەرماندەی یەکە سەربازییەکان و پێکهاتە ئەمنییەکان بەڕێوەچوو، کە بەبۆنەی "رۆژی سەروەری" لە 30ـی ئەیلوولی 2026 رێکخرابوو.
عەلی زەیدی وتارێکی پێشکەش کرد و رایگەیاند، عێراق ئەمڕۆ بەرهەمی قوربانیدان و هەوڵە بەردەوامەکانی چەند ساڵی رابردوو دەچنێتەوە، تا ئەو کاتەی دەزگا ئەمنییەکان توانیویانە کۆنترۆڵی تەواوی دۆخی ئەمنی و مەیدانی لە سەرانسەری وڵاتدا بکەن. ئاماژەی بەوەش کرد، گەلەکەمان کاتێک بەرگریی لە خاک و شار و شارۆچکەکانی دەکرد کە لەلایەن تیرۆریستانەوە پیس کرابوون، هەمیشە لە بیرەوەریدا بە زیندوویی دەمێنێتەوە.
زەیدی لە وتارەکەیدا گرنگترین خاڵەکانی پەیوەست بەم قۆناخە نوێیەی راگەیاند.
- کۆتاییهاتنی ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، سەلمێنەری سەرکەوتنی هاوکاریی نێوان عێراق و وڵاتانی دۆستە بەسەر یەکێک لە تاریکترین لاپەڕەکانی توندڕەوی و دڕندەیی لە مێژوودا.
- راپەرینی گەل لە پاڵ هێزە چەکدارەکان، قۆناخێکی گرنگی دەستپێکرد کە تێیدا سیستەمی فەرماندەیی رێکخرایەوە و توانرا هەوڵەکان یەکبخرێن.
- وڵاتانی دۆست لەو رووبەڕووبوونەوە یەکلاکەرەوەیەدا دەستی هاوکارییان بۆ عێراق درێژ کرد و هێزە چەکدارەکان بە سەرکەوتوویی پڕچەک کرانەوە.
- فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان لە ماوەی ساڵانی شەڕی دژی تیرۆردا، دڵی هەماهەنگی و ناوەندی پلاندانان و سەرکردایەتیکردن بوو لە چوارچێوەی شەڕێکی نیشتمانیی گەورەدا.
- سوپاس و پێزانین ئاراستەی سەرجەم ئەو وڵاتانە دەکەین کە بەشدارییان لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیدا کرد، هەروەها بۆ فەرماندە، ئەفسەر، راهێنەر و راوێژکارەکانیان کە شانبەشانی هێزە ئەمنییەکان کاریان کرد.
- کۆتاییهاتنی ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بە واتای کۆتاییهاتنی شەڕی ئێمە لەگەڵ تیرۆر نایەت، بەڵکو عێراق دەگوازێتەوە بۆ قۆناخێک کە تێیدا بەرپرسیارێتیی تەواوی ئاسایش و سەقامگیرییەکەی دەگرێتە ئەستۆ.
- گواستنەوەی ئەرکەکانی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان بۆ نووسینگەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، بەرجەستەکردنی فۆرمێکی دامەزراوەییە بۆ بەڕێوەبردنی هەوڵەکان لەژێر دەسەڵاتی دەوڵەت و سەرکردایەتییە باڵاکەیدا.
- قۆناخێکی نوێ دەستی پێکردووە کە ناونیشانەکەی سەروەریی عێراق، هێزی دامەزراوەکانی، ئامادەیی هێزەکانی، یەکڕیزیی بڕیارەکانی و هاوبەشییە هاوسەنگەکانە لەگەڵ دۆستانیدا.
- هاوکاریی ئەمنی وەک رێڕەوێکی کراوە لەگەڵ دۆستانی ناو هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دەمێنێتەوە و کاریگەرتر و چڕتر دەبێت، هاوکات تەکنەلۆژیا و تەکنیکە دیجیتاڵییەکان بۆ پشتیوانیکردنی ئاسایش و سەقامگیری بەکاردێن.
- ئەرکەکە بە سەرکەوتن کۆتایی هات و بەرپرسیارێتیی پاراستنی ئەم سەرکەوتنە ئەمڕۆ دەکەوێتە ئەستۆی هەموومان.
- هیچ چەکێک لە دەرەوەی چەتری یاسا و هیچ هێزێکیش لە دەرەوەی دامەزراوەکانی دەوڵەتدا نابێت، ئەوەش بەپێی دەستوور و ئەو بانگەوازەی مەرجەعییەت کردوویەتی و گەلەکەمان دەیەوێت.