عێراق.. ناوخۆ و به‌رگریی دوو وه‌زاره‌تی پڕ گه‌ندڵین

دۆسیەی گەندەڵیی لە وەزارەتەکانی ناوخۆ و بەرگریی عێراق

K24 - ھەولێر

لە ماوەی مانگی رابردوودا، نزیکەی 500 حاڵەتی گەندەڵیی تەنیا لە وەزارەتی ناوخۆی عێراقدا هەبووە، پەرلەمانتارانی عێراقیش پێیانوایە، بوونی ئەو رێژە بەرزە لە گەندەڵیی، ئاماژەی مەترسیدارن و دووپاتیشی دەکەنەوە، گەندەڵییەکە تەنها لە وەزارەتی ناوخۆ نییە، به‌ڵكوو بەشێکی زۆرییشی لە وەزارەتی بەرگرییە، بەشێک لە هۆكاره‌كانی زۆربوونی گەندەڵییە پەیوەندی بە هەڵنەبژاردنی وەزیرەکانی ئەو دوو وەزارەتەوە هەیە، کە هیچ ئومێدێک نییە لەم خولەی پەرلەمانی عێراقدا، ئەو دوو وەزارەتە ببنە خاوەنی وەزیر، بەڵکوو سەرۆک وەزیرانی عێراق دەیەوێ ئەو پرسە بە وەکالەت چارەسەر بکات.

لەوەتەی کابینەکەی عادل عەبدولمەهدی راگەیەندراوە، هەردوو وەزارەتی ناوخۆ و بەرگریی بێ وەزیرن. لە بری ئەوانیش ئەوەی کۆنتڕۆڵی دامەزراوەی ئەمنی و سەربازیی عێراقی کردووە، خودی عەبدولمەهدیییه‌ و تا ئاستێکی کەمیش، سەرۆکایەتیی ئەرکانی سوپایە.

ئەو پرسە کاریگەریی نەرێنیی بەسەر دامەزراوەکانی دەوڵەت هەبووە، بە جۆرێک تەنیا لە مانگی نیسانی ئەمساڵدا، نزیکەی 500 حاڵەتی گەندەڵیی هەبووە.

موسەنا ئەمین، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە كوردستان24ی گوت: "گەندەڵییەكی بێ سنوور ھەیە، چەندین تانك و تەقەمەنی لە وڵاتان كڕدراون، كە گوایە ئەمانە نوێن و پارەیەكی خەیاڵیان پێ دراوە، بەڵام لە راستیدا وا نین، گەندەڵیی نەك ھەر لەوە، ته‌نانه‌ت لە خواردن و بەنزینیش دەكرێت".

بڕیار بوو لەماوەی ئەم وەرزەدا پەرلەمانی عێراق دەنگ لەسەر هەڵبژاردنی دوو وەزیر بۆ وەزارەتەکانی ناوخۆ و بەرگریی بدات، بەڵام وەک ئەندامێكی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق دەڵێ، هیچ ئومێدێک نییە بۆ هەڵبژاردنی ئەو وەزیرانە ، تەنانەت سەرۆک وەزیرانیش ئێستا بیر لە چارەسەری دیکە دەکاتەوە.

ناسر هەرکی، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێ: "سەرۆك وەزیران ناتوانێت وەزیرێك دیار بكات، كە ھەموو لایەنەكان لێی رازی بن، بەتایبەتی دەبێ ھەردوو كوتلەی گەورەی شیعە قایل بن. بۆیه‌ سەرۆك وەزیران بیری لەوە كردووەتەوە، كە دوو كەس بە وەكالەت بۆ وەزارەتەكانی ناوخۆ و بەرگریی دابنێت".

ھ.م