سەرکردەکانی ئەوروپا کۆدەبنەوە
دوو کوردی باکوری کوردستان لە پشکی سوید و ئەڵمانیا وەکو پەرلەمانتار لە پەرلەمانی ئەوروپا دەستبەکاردهبن
K24 - برۆكسل
پاش راگەیاندنی ئەنجامی ھەڵبژاردنەکانی ئەوروپا ، بڕیارە ئەمرۆ سەرکردەی 28 ووڵاتی ئەوروپا لە برۆکسلی پایتەختی بەلجیکا کۆببنەوە. بۆیەکەم جاریش دوو کوردی باکوری کوردستان بەناوەکانی ئەڤین ئنجەر لەپشکی سوید و ئویزلەم ئالەڤ دەمیرەل لە پشکی ئەڵمانیا وەکو پەرلەمانتار لە پەرلەمانی ئەوروپا دەستبەکاربن.
سەرکردەکان کۆبنەوەی ڕاوێژکاری ئەنجام دەدەن و ئامادەکاریی دەکەن بۆ دابەشکردنی پۆستەکانی یەکێتی ئەوروپا بەسەر ئەو گروپانەدا کە لە ھەڵبژاردنەکاندا زۆرترین دەنگ و کورسی پەرلەمانیان بەدەستھێنا.
بریاریشە سەرەتای مانگی حەوت یەکەم دانیشتنی پەرلەمانی ئەوروپا بە بەشداری 751 پەرلەمانتار بەرێوەبچێت و سەرەتای مانگی نۆ سەرۆکی نوێی کۆمیسیۆنی ئەوروپا و سەرۆکی بانکی ئەوروپا و بەرپرسی سیاسەتی دەرهوهی ئەوروپا دیاری بکرێن. لەسەرەتایی مانگی دوانزەدا سەرۆکی نوێی ئەنجومەنی یەکێتی ئەوروپاش دیاری دەکرێت .
بەپێ ی ئەنجامی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەوروپا، گروپی پارتی گەلی ئەوروپا 182 کورسی و زۆرترین دەنگی بەدەستھێنا و دواتریش گروپی سۆشیال دیموکراتەکان 147 کورسی و گروپی لیبڕاڵەکان 109 کورسی و گروپی سەوزەکان 69 کورسی و کۆنسێرڤاتیڤ و ریفرۆمخوازەکان 59 کورسی و ئەوروپای ئازاد و دیموکراسی 58 کورسی و ئەوروپا نەتەوەکان و ئازادی 54 کورسی و چەپەکانی ئەوروپا 38 کورسی و گروپهکانی تریش 35 کورسی .
بۆ یەکەمجار دوو کوردی باکوری کوردستانیش لە پشکی سوید و ئەڵمانیا وەکو پەرلەمانتار لەپەرلەمانی ئەوروپا دەستبەکار دهبن.
رێژەی بەشداری لەھەڵبژاردنی ئەمساڵی پەرلەمانی ئەوروپا 51٪ بوو، بەڵام رێژەی بەشداریی لە ھەڵبژاردنی ساڵی 2014 ی پەرلەمانی ئەوروپا 42٪ بوو، بەمەش دەردەکەوێت رێژەی بەشداری خەڵک لەھەڵبژاردنەکان زیادی کردووە.
چاوەڕوانیش دەکرێت دوای جیابونەوەی بەریتانیا ژمارەی پەرلەمانتاران لە پەرلەمانی ئەوروپا کەم بێتەوە لە 751 پەرلەمانتارەوە بۆ 678 پەرلەمانتار و 73 کورسی لە پەرلەمان کەم دهكات.
