رۆیتەرز: سوپای پاسداران بە شێوەیەکی راستەوخۆ سەرپەرشتیی ئۆپەراسیۆنەکانی حووسییەکان دەکات

ئاژانسی هەواڵی "رۆیتەرز" لە زاری چەندین سەرچاوەی ئاگادارەوە ئاشکرای کرد، پێشڕەوییە خێراکانی چەکدارانی حووسی لە کەناراوەکانی دەریای سوور، بە رێنوێنی و سەرپەرشتیی راستەوخۆی سوپای پاسدارانی ئێران ئەنجام دەدرێن، ئەمەش وەک هەوڵێکی تاران بۆ کردنەوەی بەرەیەکی نوێی رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئەمەریکا.

دوو سەرچاوەی ئێرانی بە رۆیتەرزیان راگەیاندووە، لە ماوەی هەفتەی رابردوودا ئێران پەیامی بۆ حووسییەکان ناردووە تاوەکو هێرشەکانیان بۆ سەر سعوودیە، کە هاوپەیمانێکی نزیکی واشنتنە، چڕتر بکەنەوە. تاران لە بەرامبەر ئەمەدا، بەڵێنی دابینکردنی بودجە، چەکی زیاتر و ناردنی ئەفسەرانی باڵای سەربازیی پێداون.

هەرچەندە ئێران بە فەرمی حووسییەکان تەنیا وەک هاوپەیمان دەناسێنێت و پێدانی رێنمایی سەربازی رەتدەکاتەوە، بەڵام دیپلۆماتکارێکی ناوچەکە ئاشکرای کردووە کە ژمارەیەک فەرماندەی باڵای سوپای پاسداران سەردانی یەمەنیان کردووە و لە نزیکەوە سەرپەرشتی و فەرماندەییکردنی هێرشەکانیان گرتووەتە دەست.
بەرپرسێکی ئێرانی روونی کردووەتەوە کە هەرچەندە بڕیاری پێشڕەوی بەرەو ناوچەی مەخا لە لایەن خودی حووسییەکانەوە بووە، بەڵام هەنگاوەکە بە تەواوی لە بەرژەوەندیی تاران شکاوەتەوە، چونکە بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا و زیانی بە ئەمەریکا و سعوودیە گەیاندووە.
لە لایەکی دیکەوە، پێنج سەرچاوەی سەربازی سەر بە حکوومەتی فەرمیی یەمەن ئاماژەیان بەوە کردووە، سوپای پاسداران سەرپەرشتیی ئەم هەڵمەتە نوێیەی کەناراوەکانی دەریای سوور دەکات کە بە مووشەکبارانێکی چڕ بەسەر دەشتاییەکانی "تیهامە"دا دەستی پێکردووە.

ئەو سەرچاوانە بە پشتبەستن بە پەیوەندییە دزەپێکراوەکان و گێڕانەوەی حووسییە دەستگیرکراوەکان دووپاتی دەکەنەوە، ئۆپەراسیۆنەکان لە لایەن "عەبدولڕەزا شەهلاعی"، فەرماندەی باڵای فەیلەقی قودسی سەر بە سوپای پاسدارانەوە ئاراستە دەکرێن.
سەرچاوە ئێرانییەکان هەرچەندە ئامادە نەبوون دەستبەجێ رۆڵی شەهلاعی پشتڕاست بکەنەوە، بەڵام باسیان لەوە کردووە کە ناوبراو لە چەند ساڵی رابردوودا بەشێک لە کاتەکانی لە یەمەن بەسەر بردووە. هاوکات جەختیان لەوەش کردووەتەوە کە سوپای پاسداران، سەرەڕای بوونی گەمارۆی توندی ئاسمانی و دەریایی بەسەر ناوچەکانی حووسییەکاندا، توانیویەتی بە بەردەوامی چەک و کەلوپەلی سەربازی بگوازێتەوە ناو خاکی یەمەن.