یەكێتی دوا ھەڵوێستی خۆی بۆ پرۆسەی سیاسی تاوتوێ دەكات

ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتی كۆدەبێتەوە

بڕیارە مەكتەبی سیاسیی و ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان كۆببنەوە و دوا ھەڵوێستی حزبەكەیان لەبارەی پڕۆسەی سیاسیی و ھەڵبژاردنی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان تاتوێ بكەن.

دیار جەمال، پەیامنێری كوردستان24 لە سلێمانی رایگەیاند: "بڕیارە پێشتر كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی ئەنجامبدرێت و چەند پێشنیازێك ئاراستەی ئەنجوومەنی سەركردایەتی بكرێت و لەوێ دەنگی لەسەربدرێت".

گوتیشی: "تەوەری سەرەكی كۆبوونەوەكە ھەڵبژاردنی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان و بایكۆتی فراكسیۆنی یەكێتییە لە كۆبوونەوەی پەرلەمان. لەو كۆبوونەوەدا یەكێتی دوا ھەڵوێستی خۆی لەبارەی پرۆسەی سیاسی ھەرێمی كوردستان رادەگەیەنێت".

لەتیف شێخ عومەر، گوتەبێژی یەكێتی لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئەمڕۆ ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتی كۆدەبێتەوە و لە كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆ لەبارەی دۆخی سیاسی ھەرێمی كوردستان و ناوچەكە و ھەڵبژاردنی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان دەكرێت، ھەروەھا گفتوگۆی ورد لەبارەی ھەڵوێستی داھاتووی یەكێتی دەكەین لەبارەی پڕۆسەی سیاسی ھەرێمی كوردستان و ھەڵوێستی داھاتوومان.

كۆبوونەوەی سەكردایەتی یەكێتی لە كاتێكدایە، دوێنێ پەرلەمانی كوردستان بەبێ ئامادەبوونی فراكسیۆنی یەكێتی، نێچیرڤان بارزانی، بە سەرۆكی ھەرێمی كوردستان ھەڵبژارد.

ھ.م