هه‌رێمی كوردستان و ئێران سزادراوان ئاڵوگۆڕ ده‌كه‌ن
ماوه‌ی حوكمهكانییان له به‌ندیخانه‌كانی وڵاتانی خۆیان ته‌واو ده‌كه‌ن
K24 - هه‌ولێر:
شاندێكی حكوومه‌تی ئێران، له رێگه‌ی ده‌روازه‌ی سنووری حاجی ئۆمه‌رانه‌وه گه‌یشته هه‌رێمی كوردستان و له چوارچێوه‌ی رێككه‌وتنێك سزادراوان ئاڵوگۆڕ ده‌كه‌ن.
ئه‌حمه‌د نه‌جمه‌دین، سه‌رۆكی شاندی هه‌رێمی كوردستان، كه سه‌رپه‌رشتی پرۆسه‌ی ئاڵوگۆڕی سزادراوان ده‌كات، به كوردستان 24ی راگه‌یاند، به گوێره‌ی یاسای ژماره 6ی ساڵی 2014، كه له ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی ده‌رچووه، سزادراوان ئاڵوگۆڕ ده‌كه‌ن.
هه‌روه‌ها رایگه‌یاند، سزادراوانی هه‌رێمی كوردستان كه له ئێران بوونه، ماوه‌ی یاسایی خۆیان له به‌ندیخانه‌كانی هه‌رێمی كوردستان به‌سه‌ر ده‌به‌ن، به پێچه‌وانه‌ش هی ئێرانییه‌كانیان ماوه‌ی حوكمه‌كانیان له‌وێ ته‌واو ده‌كه‌ن.
سه‌باره‌ت به‌و سزادراوه ئێرانییانه‌ی كه په‌یوه‌ندییان به مادده‌ی هۆشبه‌ره‌وه هه‌یه، ئه‌حمه‌د نه‌جمه‌دین روونیكرده‌وه، ده‌قی ئه‌و بڕیاره‌ی له دادگاكانی هه‌رێمی كوردستان بۆ سزادراوان ده‌رچووه و به‌سه‌ریاندا ده‌سه‌پێندرێت، وێنه‌یه‌كی ده‌درێته ئێران و هه‌مان حوكمیان ده‌بێت.
دووپاتی له‌وه‌ش كرده‌وه، هه‌ر سزادراوێك له‌سه‌ر خواستی خۆی ده‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی ئاڵوگۆڕی پێ بكرێت، بۆ ئه‌وه‌ش به‌ڵگه‌نامه‌ی تایبه‌ت پڕده‌كرێته‌وه و په‌نجه‌مۆری سزادراوان وه‌رده‌گیرێت.
به گوێره‌ی زانیارییه‌كانی په‌یامنێری كوردستان 24، سزادراوانی ئێران له هه‌رێمی كوردستان ژماره‌یان 20 سزادراوه، ئه‌وانه‌ی له ئێرانیشه‌وه راده‌ستی هه‌رێمی كوردستان ده‌كرێنه‌وه، ژماره‌یان 5 سزادراوه.
پرۆسه‌ی ئاڵوگۆڕی سزادراوان، له كاتی ده‌رچوونی یاساكه تا ئێستا، گه‌یشتووه‌ته 150 سزادراو، كه له نێوان هه‌رێمی كوردستان و ئێران ئاڵوگۆڕ كراون.
ئ. م