هه‌ولێر.. دوو مێردمنداڵ له گۆماوێكی ئاوه‌ڕۆدا خنكان
دوای دوو كاتژمێر تیمی مه‌له‌وانیان له خه‌باته‌وه ره‌وانه‌ی شوێنی رووداوه‌كه كردووه
K24 – هه‌ولێر:
ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ، دوو مێردمنداڵ له گۆماوێكی ئاوه‌ڕۆدا له گه‌ڕه‌كی قه‌ته‌وی سه‌ر رێگه‌ی مه‌خموور خنكان، لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كانیش دوای دوو كاتژمێر، تیمی مه‌له‌وانیان له خه‌باته‌وه ره‌وانه‌ی شوێنی رووداوه‌كه كردووه.
په‌یامنێری كوردستان24، له شوێنی رووداوه‌كه رایگه‌یاند، به گوێره‌ی زانیارییه سه‌ره‌تاییه‌كان، كاتژمێر 5ی ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ، چوار مێردمنداڵ بۆ مه‌له‌كردن چوونه‌ته ناو گۆماوه‌كه و گوتی: "ئه‌و مێردمنداڵانه‌ی گیانیان له ده‌ست داوه، یه‌كێكیان ته‌مه‌نی 14 ساڵه و ئه‌وی دیكه‌یان 15 ساڵه".
شاهێدحاڵێكی رووداوه‌كه‌ش بۆ كوردستان24 پشتڕاستی كرده‌وه، كه په‌یوه‌ندیی به كه‌سوكاری مێردمنداڵهكانهوه كردووه و تا كه‌سوكاریان فریایان كه‌وتوون، دووان له مێردمنداڵه‌كان دیار نه‌ماون.
په‌یامنێری كوردستان24 گوتیشی: "كه‌سوكاری مێردمنداڵه‌كان په‌یوه‌ندییان به لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كانه‌وه كردووه و به هانایانه‌وه نه‌چوونه، تا دواجار پاش دوو كاتژمێر، تیمێكی مه‌له‌وانیی له خه‌باته‌وه گه‌یشتووه‌ته شوێنی رووداوه‌كه".
روونیشی كرده‌وه، یه‌كێك له مێردمنداڵه‌كان له لایه‌ن كه‌سوكاره‌كه‌یه‌وه له گۆماوه‌كه ده‌رهێنراوه، هێشتا گیانی تێدا بووه و دوای گه‌یاندنی بۆ نه‌خۆشخانه و مانه‌وه‌ی زیاتر له كاتژمێرێك له نه‌خۆشخانه، گیانی سپاردووه.
هه‌روه‌ها ده‌ڵێ: "كاتژمێر هه‌شتی شه‌و تیمی فریاگوزاریی پێیان گه‌یشتوون و پێشتریش له كاتژمێر 6:30 یه‌كێك له مێردمنداڵه‌كان ده‌رهێنراوه و ره‌وانه‌ی نه‌خۆشخانه كراوه".
باوكی یه‌كێك له مێردمنداڵه‌كان به كوردستان 24ی راگه‌یاند، چه‌ندین جار داوایان كردووه ئه‌و گۆماوه و ئاوه‌ڕۆیه، كه ته‌نیا سه‌د مه‌ترێك له ماڵه‌كانیانه‌وه دووره، پاك بكرێته‌وه و به‌ربه‌ستی بۆ دروست بكرێت، به‌ڵام هیچ لایه‌نێك وه‌ڵامی داواكارییه‌كه‌ی نه‌داونه‌ته‌وه.
رووداوه‌كه له ناوچه‌ی میرزا ئه‌حمه‌د رووی داوه، كه ده‌كه‌وێته سه‌ر رێگه‌ی مه‌خموور.