جووتیارێكی كورد: پۆلیسی فیدڕالی و عه‌ره‌به هاورده‌كان ده‌غڵودانه‌كان ده‌سووتێنن
سووتاندنی ده‌غڵی جووتیارانی كورد كێی له پشته؟
K24 - كه‌ركووك:
تا ئێستا به سه‌دان دۆنم زه‌ویی كشتوكاڵیی و ده‌غڵودانی جووتیارانی كورد، له سنووری ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێمی كوردستان سووتێندراون و تا ئێستاش هێزه عێراقییه‌كان، هیچ كه‌سێكیان له‌سه‌ر ئه‌و كاره ده‌ستگیر نه‌كردووه و خۆیان لێ به خاوه‌ن ناكه‌ن.
پێشتر له‌و ناوچانه، راكان جبووری، پارێزگاری سه‌پێندراوی كه‌ركووك، هه‌وڵی نیشته‌جێكردنی عه‌ره‌بی هاورده‌ی داوه، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش چه‌ندین فه‌وجی پۆلیسی ئیتیحادی له‌گه‌ڵ عه‌ره‌به هاورده‌كان ده‌نارده گونده كوردییه‌كانی سنووری ناحیه‌ی سه‌رگه‌ڕانی سه‌ر به پارێزگای كه‌ركووك.
هاورده‌كردنی ئه‌و عه‌ره‌بانه له سه‌رده‌می رژێمی به‌عسه‌وه ده‌ستی پێ كردووه، مه‌به‌ستیش لێی، شێواندنی دیمۆگرافیای ناوچه‌كه‌یه، ئه‌گه‌رچی به‌عس رووخا‌و بڕیاره‌كانیشی هه‌ڵوه‌شێنراونه‌ته‌وه، به‌ڵام تا ئێستاش هه‌ندێك لایه‌ن له هه‌وڵ دان ناوچه‌كه ته‌عریب بكه‌نه‌وه.
ئێستا دوای ته‌عریب، هه‌ڵمه‌تێكی دیكه‌ی سووتاندنی ده‌غڵودانی جووتیارانی كورد له ناوچه كوردستانییه‌كان ده‌ستی پێ كردووه و له یه‌ك كاتدا سه‌دان دۆنم زه‌وی ئاگریان گرتووه.
یه‌كێك له جووتیاران رایده‌گه‌یه‌نێت، پێشتر عه‌ره‌به هاورده‌كان داوای نیوه‌ی گه‌نمه‌كه‌یان ده‌كرد و ده‌یانگوت ده‌بێ بكرێته نیوه، ئه‌گه‌ر به‌رهه‌مه‌كه‌ی 10 تۆن بێت، ده‌بێت پێنجی ئه‌وان بیبه‌ن.
یه‌كێكیان ده‌ڵێت: "پێشتر پێیان گوتین ئه‌گه‌ر به‌شی ئێمه‌ی لێ نه‌ده‌ن، ئێوه‌ش نابن به خاوه‌نی ئه‌و به‌روبوومه".
خاوه‌نی زه‌وییه‌كان داوای گه‌ڕانه‌وه‌ی پێشمه‌رگه ده‌كه‌ن و رایده‌گه‌یه‌نن، ئاگركوژێنه‌وه فریایان ناكه‌وێت و به هانایانه‌وه ناچێت، خۆیان به ته‌نه‌كه ئاو له جۆگه‌كان ده‌به‌ن.
یه‌كێك له شایه‌تحاڵه‌كان ده‌ڵێت: "هاوه‌ن ئاراسته‌ی ناو زه‌وییه‌كان ده‌كه‌ن، كه‌سیش نازانێت ئه‌و هاوه‌نانه له كوێوه دێن، كه‌سیش خۆی لێ ناكاته به‌رپرس".
شایه‌تحاڵێكیش به ناوی هۆگر محه‌ممه‌د، له گوندی زه‌ردك ده‌ڵێت: "پۆلیسی ئیتیحادی و عه‌ره‌بی هاورده‌ن، ئه‌وان ده‌سه‌ڵاتیان هه‌یه و ئێمه‌ش به‌ده‌ستیانه‌وه زه‌لیل بووینه، ئاگر ده‌كه‌نه‌وه و لێ ناگه‌ڕێن بچین ئاگره‌كه كۆنتڕۆڵ بكه‌ین و ته‌قه‌مان لێ ده‌كه‌ن".
ئ. م