مەسرور بارزانی له‌گه‌ڵ بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان كۆده‌بێته‌وه‌

پێكھێنانی كابینەی نوێی حكوومەت له‌گه‌ڵ گۆڕان تاوتوێ ده‌كه‌ن

K24 - سلێمانی

مەسرور بارزانی سه‌رۆكوه‌زیرانی راسپێردراوی هه‌رێمی كوردستان بۆ پێكھێنانی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان گەیشتە مەكۆی سەرەكی بزووتنەوەی گۆڕان لە سلێمانی و لەگەڵ شاندێكی گۆڕان پێكھێنانی كابینەی نوێی حكوومەت تاوتوێ دەكات.

پەیامنێری كوردستان24 لە سلێمانی رایگەیاند: "دوای كۆبوونەوەی لەگەڵ شاندی یەكێتی نیشتمانی كوردستان و حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان، مەسرور بارزانی سه‌رۆكوه‌زیرانی راسپێردراو، بۆ تاتوێكردنی پێكھێنانی كابینەی نوێی حكوومەت گەیشتە مەكۆی سەرەكی بزووتنەوەی گۆڕان لە گردی زەرگەتەی شاری سلێمانی و له‌گه‌ڵ شاندی گۆڕان بە سەرۆكایەتی جەلال جەوهەر و ئەندامێتی هەریەك لە مستەفای سەید قادر و  عەلی حەمەساڵح و ئاراس وەلی و د.رەئوف عوسمان گفتوگۆ ده‌كه‌ن. 

مەسرور بارزانی، دوای كۆبوونەوەی لەگەڵ شاندی یەكێتی جەختی لەوەكردەوە، كە ھیوادارن پێش وادەی یاسایی كابینەی نوێی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان پێكبێنن و رایگەیاند: "چاوەڕوانی سیڤی كاندیدەكانین، بۆ ئەوەی پێشكەش بە پەرلەمانی بكەین".

ئەمڕۆ دووشەممە 17/6/2019، مەسرور بارزانی سەرۆكوەزیرانی راسپێردراو بۆ پێكھێنانی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، بە یاوەری هه‌ریه‌كه‌ له‌ هێمن هه‌ورامی، دڵشاد شه‌هاب، شه‌عبان شه‌عبان چالی، ئومێد خۆشناو، فرسه‌ت سۆفی، گەیشتە شاری سلێمانی.

مه‌سرور بارزانی پاش ئه‌وه‌ی رۆژی 11/6/2019 له‌لایه‌ن په‌رله‌مانی كوردستانه‌وه‌ به‌ 87 ده‌نگی په‌رله‌مانتاران بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێ ناوزه‌د كرا و رۆژی دواتر له‌لایه‌ن سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ بۆ پێكهێنانی حكوومه‌تی نوێ راسپێردرا. ده‌ستی به‌ كۆبوونه‌وه‌ و گفتوگۆ كردووه‌ له‌گه‌ڵ لایه‌ سیاسییه‌ به‌شداره‌كانی كابینه‌ی نوێی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان. بۆ ئه‌وه‌ی له‌ ماوه‌ی دیاریكراودا، كه‌ 30 رۆژه‌، پێكهاته‌ی كابینه‌كه‌ی بخاته‌ به‌رده‌م په‌رله‌مانی كوردستان و متمانه‌ی پێ بدرێت.