مەسرور بارزانی پێشوازیی لە ئەیاد عەللاوی كرد
تیشک خرایە سەر پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا
K24 – ههولێر:
مەسرور بارزانی، راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایش و راسپێردراو بۆ پێکهێنانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە دکتۆر ئەیاد عەللاوی، سەرۆکی هاوپەیمانیی نیشتمانیی و شاندی یاوەری کرد.
لە دیدارێکدا پرۆسەی سیاسیی عێراق و پێشهات و گرژییەکانی دەڤەرەکە تاووتوێ کران و تیشک خرایە سەر پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا.
لەو دیدارەدا، مەسرور بارزانی، ئاماژەی بە هەنگاوەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرد، هاوكات جەختی لە چارەسەرکردنی پرس و کێشە هەڵواسراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا بە پێی دەستوور و گفتوگۆی راشکاوانە کردەوە.
لەلای خۆیەوە سەرۆکی هاوپەیمانیی نیشتمانیی جارێکی دی پیرۆزبایی لە مەسرور بارزانی کرد، وێڕای هیوا خواستنی سەرکەوتن بۆ مەسرور بارزانی لە ئەرکی نوێیدا و راشیگەیاند، ئومێدەرارم لە ماوەی داهاتوودا پەیوەندییەکانی نێوان حکوومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان بەرەو پێشەوە بڕۆن.
هەردوولا کۆکبوون لەسەر پەلەکردن لە دەستپێکردنی گفتوگۆکان بە مەبەستی دۆزینەوەی چارەسەری بنەڕەتی بۆ کۆی کێشەکان و بنیاتنانی عێراقێک، کە گشت پێکهاتەکانی هەست بە ماف و ئەرکی خۆیان بکەن.


