ناهیدە رەفیق حیلمی کۆچی دوایی کرد

کچی نووسەرێکی گەورەی کوردە

K24 – هه‌ولێر:

خانمە نووسەری کورد، ناهیدە رەفیق حیلمی، کچی نووسەر و توێژەری سیاسی، رەفیق حیلمی، لە شاری سلێمانی کۆچی دوایی کرد.

مەجید ساڵح، نزیک لە خانەوادەی رەفیق حیلمی، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک نووسیویەتی: "بە داخەوە دوای ململانێیەکی زۆر لەگەڵ نەخۆشیدا، بەرەبەیانی ئەمڕۆ، ناهیدەی کچی مامۆستا رەفیق حیلمی، کۆچی دوایی کرد".

ئەو خاتوونە، نووسەر و لێکۆڵەر بووە و چەندین چالاکیی سیاسی لە قۆناغە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان ئەنجام داوە.

ئەمڕۆ چوارشەمممە، ناهیدە رەفیق حیلمی لە شاری سلێمانی و لە گردی سەیوان بەخاک دەسپێردرێت.

رەفیق حیلمی یەکێکە لە کەسایەتییە دیارەکانی مێژووی سیاسیی کورد و لەگەڵ هەریەک لە مەلا مستەفا بارزانی و شێخ مەحموودی حەفید خەباتی سیاسی کردووە.

لە چەندین رۆژنامەی کوردی و عەرەبی، لە رێگای قەڵەمەکەی، بۆ بەدیهێنانی خەونەکانی کورد، کۆششی کردووە و دامەزرێنەری چەندین کۆمەڵە و دامەزراوەی سیاسی و ئەدەبی بووە.

H.J