نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان رۆڵی ھەرێمی كوردستان لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر بەرز دەنرخێنێ
نێچیرڤان بارزانی له‌گه‌ڵ شاندێكی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان كۆ بووه‌وه
K24 - ھەولێر
له كۆبوونه‌وه‌يه‌كيدا له‌گه‌ڵ نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه 19/6/2019، كەریم ئەسعەد ئەحمەدخان، یاریدەدەر و راوێژكاری تایبەتی سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ لێكۆڵينەوە لە تاوانەكانی داعش، رۆڵ و قوربانیدانی هه‌رێمی كوردستانی له رووبه‌ڕووبوونه‌وه و تێكشكاندنی تیرۆر و پاراستنی پێكهاته‌كان بێ جیاوازی و حه‌واندنه‌وه‌یان، به‌رز نرخاند.
یاریدەدەر و راوێژكاری تایبەتی سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان، كورته‌یه‌كی ده‌رباره‌ی كاره‌كانيان له كۆكردنه‌وه‌ی به‌ڵگه‌كان به‌پێی پێوه‌ره نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و به‌دواداچوونی كه‌یسی تاوانه‌كانی داعش، پشتگيريى یاسایی بۆ كاره‌كانیان و جۆره‌كانی تاوانه ئه‌نجامدراوه‌كان، كه له عێراق جگه له یاسای تاوانه‌كانی تیرۆر، یاسای تاوانه‌كانی جه‌نگ و جینۆساید نییه، هه‌روه‌ها سه‌ردانی مه‌یدانیی گۆڕه به‌كۆمه‌ڵه‌كان و هه‌ڵدانه‌وه‌یان، هه‌ماهه‌نگیی له‌گه‌ڵ هه‌ردوو حكوومه‌تی عێراق و هه‌رێم و دۆزینه‌وه‌ی تاوانباران و مسۆگه‌ركردنی دادگاییكردنیان، خسته‌ڕوو، جه‌ختيشى له گرنگيى هه‌ماهه‌نگیی ده‌زگا په‌یوه‌ندیداره‌كانی هه‌ولێر و به‌غدا كرده‌وه.
لای خۆیه‌وه سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان وێڕاى ده‌ستخۆشیی له كاری تیمه‌كه‌یان، ئاماده‌یی و پابه‌ندیی هه‌رێمی كوردستانی بۆ پشتگيریى و كاری هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ تیمی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان و حكوومه‌تی عێراق بۆ به‌دیهێنانی دادوه‌ریی له‌م كه‌یسه‌دا دووپات كرده‌وه، هه‌روه‌ها پوخته‌یه‌كى ده‌رباره‌ی قوربانیدانی هه‌رێمی كوردستان له رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی داعش پێشكه‌ش كرد و جه‌ختی له پابه‌ندبوونى هه‌رێمى كوردستان به پره‌نسیپ و بنه‌ماكانی پێكه‌وه‌ژیان و پاراستنی پێكهاته‌كان كرده‌وه.