"مەسرور بارزانی بانگهێشتی بهریتانیا دەكرێت"
"لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی نوێ كۆدەبێتەوە"
K24- ههولێر:
بەریتانیا هەوڵدەدات بە هێزێکی زیاترەوە ئاستێکی نوێ لە پەیوەندی لەگەڵ هەولێر نیشان بدات، پەرلەمانتارانی ئهو وڵاتهش لە پارتە جیاوازەکان ئاماژە بهوه دهدهن، کە سەرۆك وەزیرانی نوێی هەرێمی کوردستان بانگهێشتی لهندهن دەكرێت، بۆ ئەوەی لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی نوێی ئەو وڵاتە کۆببێتەوە.
پەرلەمانتارانی بهریتانیا جهخت دهكهنهوه، کاتی ئەوە هاتووە لەگەڵ کورد ستراتیژیەتێكی نوێیان هەبێت، چونکە وەك خۆیان دەڵێن: ئێستا لە نێوان هەولێر و لەندەن بەرپرسیارێتی هاوبەش درووست بووە.
تۆبی پێرکینس، پەرلەمانتاری بهریتانیا لە پارتی کرێکارانى ئهو وڵاته دهڵێت: "کوردستان پێگەیەکی گرینگە لە سیاسەتی نێودەوڵەتیدا، ئێمەی بهریتانی لە کوردستان بووین و لە نێوان جەنگەکانی یەکەم و دووەمی جیهانی رۆڵمان لەم ناوچەیەدا هەبووە، ئێستا جۆری پەیوەندییەکەمان گۆڕاوە، چونکە هەست دەکەین ئێمە و کورد لەبەردەم بەرپرسیارێتی هاوبەشداین".
لە کاتێکدا کە هەولێر و لەندەن هەردووکیان لەبەردەم کابینەی نوێی حکوومەتیشدان، هەوڵەکان بۆ نزیکبوونەوە لە لەندەنەوە لە ئێستاوە دەستیپێکردووە. لهمبارهشهوه جاك لۆپرێستی، پهرلهمانتاری ئهو وڵاته له پارتی پارێزكاران جهخت دهكاتهوه، "ئێمە کاردەکەین، بۆ ئەوەی پەیوەندی دوو لایەنەی بەهێزمان هەبێ، دەمانەوێ سەرۆك وەزیرانی داهاتووی کوردستان سەردانی بهریتانیا بکات و لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی داهاتووی ئێمە کۆببێتەوە، ئێمە پەیوەندییە سەربازییەکانی خۆمان لەگەڵ کوردستان پەرە پێدەدەین، چونکە کورد ڕۆڵی کاریگەری هەبووە لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و هاوبەشی ئێمە بووە لەو پرسەدا".
هاوكات ستیڤ رید، كه پهرلهمانتارێكی دیكهی پارتی كرێكارانی ئهو وڵاتهیه ئاماژه بهوه دهدات، "من له پهرلهمان نوێنەرایەتیی ناوچهی کرۆیدن دەکەم، کە دەکەوێتە باشووری لەندەن، ژمارەیەکی زۆری کورد لەو ناوچهیه دەژین، لە بهریتانیاش بە گشتی رەوەندی کوردی یەکێکە لە رەوەندە گەورەکان، بۆ ئێمە گرینگە نزیکبینەوە لە وڵاتی دایکی ئەوان، نەك تەنیا کوردانی عێراق، بەڵکو هەموو پارچەکان، خۆشحاڵم بەوەی پەیوەندی کورد و بهریتانیا بەهێزتر و بەهێزتر دەبێ".
نزیکبوونەوەی بهریتانیا لە هەرێمی کوردستان هەوڵێکی تازە نییە و رۆژی 12-12-2017، کە بەغدا دەرگای بەڕووی هەرێمی کوردستاندا داخستبوو، تێرێزا مێی، سهرۆك وهزیرانی ئهو وڵاته لە دوای پاریس و بەرلین، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا؛ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆك وەزیرانی ئەو کاتەی بانگهێشتی لەندەن کرد، بۆئەوەی لە نزیکەوە گفتوگۆ لەسەر کێشەکان بکەن.
H.B