هه‌ولێر كونسوڵه‌ فه‌خرییه‌كانی وڵاته‌ جیاجیاكان له‌ وڵاتانی عه‌ره‌بی كۆ ده‌كاته‌وه‌

"كابینەی نۆیەمی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان گەنجانەیە"

K24- هه‌ولێر:

بۆ یەکەمجار کونسوڵە فەخرییەکانی وڵاتە جیا جیاکان لە وڵاتانی عەرەبی لە هەولێر کۆبوونەوە، ئه‌وان له‌ رێگه‌ی کوردستان٢٤ـه‌وه‌ جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە، کە کابینەی نوێ کابینەی ده‌رفه‌ته‌ نایابەکانه‌، بەتایبەتی لە رووی ئابووری و دیپلۆماسی.

برکانی حەسان، سەرۆکی ژووری بازرگانی مەغریبی و کونسوڵی فەخری ئەندەنوسیا لە مەغریب ده‌ڵێت: "کابینەی ئەمجارەی هەرێمی کوردستان کابینەیەکی گەنجانەیە، ئێمە وەك دیپلۆماتکاران چاومان لەوەیە پەیوەندی باشمان لەگەڵ هەولێر هەبێت، بە تایبەتی لە ڕووی ئابووری و گەشەپێدان".

ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌دات، "هەرێمی کوردستان ناوچەیەکی گرینگە و خاوەنی ئاسایش و ئارامییە، دەکرێت ببێتە ناوەندێك بۆ پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان".

جۆرج ئەبی رەعد - سەرۆکی رەوەندی لوبنانیش له‌ عێراق جه‌خت ده‌كاته‌وه‌، "ئێمە وەك پایتەختێکی خاوەن گەشەی بەردەوام سه‌یری هەولێر دەکەین، راستە لەمپەر لە بەردەم هەولێر هەیە، بەڵام هەولێر شوێنێکە کە بەردەوام بەخێرهاتنی میوانان دەکات، ئەمەش وا لە ئێمە دەکات، چاومان لەوە بێت، زیاتر و زیاتر بەشداری لە پەرەپێدانی هەولێر بکەین، بە تایبەتیش لەگەڵ پێكهێنانی کابینەی نوێی حكوومه‌تی هه‌رێم، کە بەڵێنی گرینگی بە خەڵك داوە".

هاوكات محەمەد ئەلجیهەنی، جێگری سەرۆکی ڕێکخراوی عەرەبی ئەوروپی بۆ ژینگە دووپاتیده‌كاته‌وه‌، "كاتێك مرۆڤ ده‌چێته‌ هه‌ر وڵاتێك، لە فڕۆکەخانەکانەوە دەتوانێ زۆر شت بزانێت، فڕۆکەخانەکانی کوردستان شوێنی میواندارین، ئەمە زۆر گرینگە، ئەو میواندۆستییە دەکرێت ببێتە بنەمایەك بۆ گەشەپێدانی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان، ئێمە وەك یەکێتی کونسوڵە فەخرییەکان کۆبوونەوەی خۆمان هێنایە هەولێر، چونکە هەولێر لە بەغدا زیاتر کونسوڵی فەخری لێیە، ژمارەی کونسوڵە فەخرییەکان لە بەغدا چوار کونسوڵە، بەڵام لە هەولێر هەشتە".

عەباس عەلنوری، کونسوڵی فەخری هەنگاریا لە ناوەڕاست و باشووری عێراق و هاوكات سەرۆکی ڕێکخراوی هەماهەنگی بازرگانی ئوکرانی - عێراقیش ده‌ڵێت، "لەسایەی حکوومەتی نوێی عێراق کە بەڕێز عەبدولمەهدی سەرۆکایەتی دەکات، کرانەوە و پەیوەندی باش لە نیوان هەولێر و بەغدا درووست بووە، ئەمە کاریگەری باشی هەبووە لەسەر پەیوەندی دیپلۆماسی عێراق بە گشتی، چونکە عێراقی بەهێزتر کردووە، هاوکات وایکردووە دۆخەکە زیاتر گونجاو بێت بۆ بازرگانی، کە ئەمە زۆر گرینگە".

له‌ كۆتاییشدا ده‌ڵێت: "بە هیوام بەڕێز مەسرور بارزانی سەرکەوتوو بێت و بتوانێت ئەو بەرەوپێشچوونە لە بەرژەوەندی هەردوولا بەکاربهێنێت، تا جیهان بەڕووی ئێمەش زیاتر بکرێتەوە".

H.B