ترەمپ بەڕێوەبەری هەواڵگریی نیشتیمانی وڵاتەکەی دوورخستەوە
کەسێکی دیکەی بۆ شوێنەکەی دەستنیشانکرد
K24 – ههولێر:
دوای دوو ساڵ ناکۆکی لەسەر دەستێوەردانەکانی رووسیا و سیاسەتی ئەمەریکا بەرامبەر بە کۆریای باکوور، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بڕیاریدا، بەڕێوەبەری هەواڵگری نیشتیمانیی وڵاتەکەی بگۆڕێت.
ترەمپ لە تویتێکدا ماڵئاوایی لە دان کۆوتس کرد و سوپاسی کرد کە خزمەتی وڵاتەکەی کردووە، ئاشکراشیکرد، 15ی مانگی داهاتوو – ئاب، کەسێک لە شوێنی ئەو دەستنیشان دەکات.
سەرۆکی ئەمەریکا ئاشکراشیکردووە، جۆن راتکلیف، ئەندامی کۆنگرێسی ئەمەریکا، شوێنی دان کۆوتس دەگرێتەوە.
سەرۆکی ئەمەریکا لەگەڵ بەشێک لە هەواڵگیری وڵاتەکەی کەوتە ململانێ دوای ئەوەی هەواڵی دەستێوردانی رووسیا لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2016ی کە تیایدا ترەمپ بووە سەرۆکی ئەمەریکا لە لایەن هەواڵگریی ئەمەریکا بڵاوکرایەوە.
یەکێکی دیکەی کێشەکانی دۆناڵد ترەمپ لەگەڵ بەڕێوەبەری هەواڵگریی وڵاتەکەی، سیاسەتی ئیدارەی ئەمەریکایە بەرامبەر بە کۆریای باکوور؛ پێشتریش، چەند بەرپرسێکی باڵای ئەمەریکا بەهۆی ناکۆکیان لەگەڵ ترەمپ دەستیان لەکارکێشاوەتەوە.
H.J