مەسرور بارزانی: حكوومەت زەمینەیەکی لەبارتر بۆ وەبەرهێنانی بیانی لە کوردستان دەرەخسێنێت
سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە باڵیۆزی سریلانکا دەکات
K24 - ھەولێر
مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە میانی دیدارێكدا لەگەڵ نیرانجان راناسینگا باڵیۆزی سریلانکا لە عێراق رایگەیاند، حكوومەتی ھەرێم زەمینەیەکی لەبارتر بۆ وەبەرهێنانی بیانی لە هەرێمی کوردستان دەرەخسێنرێت.
ئەمڕۆ دووشەممە 2019/7/29 مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە نیرانجان راناسینگا باڵیۆزی سریلانکا لە عێراق کرد.
باڵیۆزی سریلانکا پیرۆزبایی لە سەرۆک وەزیران کرد و هیوای سەرکەوتنیشی بۆ کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان خواست. ئاماژەشی بە گرنگی بەهێزکردنی پەیوەندی نێوان هەرێمی کوردستان و سریلانکا کرد و گوتی، وەبەرهێنەرانی سریلانکا خۆشحاڵن کە وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان بکەن و بۆ ئەم مەبەستەش بڕیارە لە ئایندەیەکی نزیکدا بەرهەمەکانی سریلانکا لە پیشانگایەکدا لە هەولێر نیشان دەدرێن.
سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ شاندی میوانی روون کردەوە، کە لە کارنامەی کابینەی نوێی حکوومەتدا گرنگییەکی زۆر بە هەمەچەشنکردنی ئابووری هەرێمی کوردستان دەدرێت بە تایبەتی کەرتی کشتوکاڵ. هەروەها زەمینەیەکی لەبارتر بۆ وەبەرهێنانی بیانی لە هەرێمی کوردستان دەرەخسێنرێت.
