پۆلیس وردەكاریی كوژرانی بەڕێوەبەری پێشووی ئاوی کانی قڕژاڵە ئاشكرا دەكات
"تەرمی بەڕێوەبەری پێشووی ئاوی کانی قڕژاڵە بە سوتێندراوی دۆزرایەوە"
K24 - ھەولێر
دوای ئەوەی تەرمی بەڕێوەبەری پێشووی ئاوی کانی قڕژاڵە بە سووتێندراوی دۆزرایەوە، سێ كەس به تۆمەتی كوشتنی دەستگیر كراون و پۆلیسی ھەولێر وردەكاریی لە بارەی كوشتن و سووتاندنی تەرمەكەی ئاشكرا دەكات.
سەرچاوەیەك لە بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی ھەولێر بە كوردستان24ی راگەیاند: "رۆژی ھەینی 2/8/2019 تەرمی جەمال باپیر، بەڕێوەبەری پێشووی ئاوی کانی قڕژاڵە بە سووتێندراوی دۆزراوەتەوە. دوو پیاو و ژنێك بە تۆمەتی كوشتنی دەستگیر كراون".
راشیگەیاند: "ئەمڕۆ بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی ھەولێر لە كۆنفڕانسێكی رۆژنامەوانیدا وردەكاریی لە بارەی رووداوەكە و تۆمەتباران ئاشكرا دەكات".
كۆڤان جەمال، كوڕی كوژراوەكە بە كوردستان24ی راگەیاند: "باوكم كێشەی لەگەڵ كەس نەبوو، رۆژی پێنج شەممەی رابردوو كاتژمێر 8ی شەو لە ماڵ چووە دەرەوە، دواتر تەلەفۆنی داخرا، زۆر تەلەفۆنمان كرد، ھیچ زانیاریمان دەست نەكەوت، دواتر پۆلیس و ئاسایشمان ئاگادار كردووە. پاش ئەوەی پۆلیس تەرمەكەیان دۆزیەوە، دەركەوت باوكم بە شێوەیەكی دڕندانە كوژراوە و سووتاندوویانە، خۆزگە ھەموو شتیان دەكرد، بەس نەیان دەسووتاند".
گوتیشی: "ئەو كەسانەی باوكی منیان كوشتووە، دوێنێ تەلەفۆنیان بۆ كردین، گوتیان 2 دەفتەر دۆلارمان پێ بدەن و باوكتان لای ئێمە، بەڵام راستیان نەدەكرد، چونكە ئەوكاتە تەرمەكەی دۆزرابووەوە، تەنھا دەیانویست پارە وەربگرن".
باسی لەوەش كرد: "دوای ئەوەی باوكمیان كوشتبوو، ئۆتۆمبێلەكەیان بردووەتە سۆران بۆ ئەوەی لەوێ بیفرۆشن، بەڵام كە تەلەفۆن بۆ براكەم كرا لە بارەی ساڵانەی ئۆتۆمبێل پرسیاری لێ كرا، ئەو كەسەی ئۆتۆمبێلەكەی كڕی بوو تەلەفۆنی كردبوو، زانیمان كە لەوێ فرۆشراوە، لە رێگەی تەلەفۆنەوە ئاسایشی سۆرانمان ئاگادار كردەوە، لە ماوەیەكی كەمدا ئاسایش دەستی بەسەر ئۆتۆمبێلەكەدا گرت و ئەو كەسەشیان دەستگیر كرد، كە ئۆتۆمبێلەكەی كڕیوە".
داواشی كرد، بكوژانی باوكی لەسێدارە بدرێن و وەك خۆی دەڵێ: "باوكم بە شێوەیەكی دڕندانە كوژراوە و بێتاوان بووە".


ھ.م