هاوسەرۆکی هەدەپە: تورکیا دەیەوێت پەنابەرە سوورییەکان لە رۆژئاوای کوردستان نیشتەجێ بکات

"مەبەست لە ناوچەی ئارام داگیرکردنی رۆژئاوای کوردستانە"

K24 – هه‌ولێر:

هاوسەرۆکی هەدەپە دەڵێت، تورکیا دەیەوێت لە ژێر ناوی ناوچەی ئارام، رۆژئاوای کوردستان داگیر بکات.

لە کۆنفڕانسێکی تایبەتیی هەدەپە لە دیاربەکر، سزای تەمەلی، هاوسەرۆکی هەدەپە، چەند لێدوانێکی نوێی لە بارەی رەوشی سووریا دا و رایگەیاند: "سەرەتا حکوومەتی تورکیا، پەنابەرانی سووریای لە دژی ئەوڕوپا بەکار دەهێنا، بەڵام ئێستا دەیەوێت ئەو پەنابەرانە بگەڕێنێتەوە  سووریا و لەسەر خاکی کوردەکان نیشتیەجێیان بکات".

راشیگەیاند: "ئەو ناوچە ئارامەی تورکیا دەیەوێت لە سووریا دروستی بکات، ئامانج لێی، داگیرکردنی رۆژئاوای کوردستان و گواستنەوەی پەنابەرە سوورییەکانە بۆی".

وەزیری دەرەوەی تورکیاش لە دوایین لێدوانی لە بارەی "ناوچەی ئارام" لە سووریا رایگەیاندووە، ئەگەر لەگەڵ ئەمەریکا نەگەنە رێککەوتن، تورکیا خۆی "ناوچەیەکی ئارام" لە سووریا دروست دەکات.

ناوچە ئارامەکەی تورکیا، بە درێژایی 32 کیلۆمەتر لە رۆژئاوای کوردستان دەبێت و ئامانج لێی، بە قسەی بەرپرسانی تورکیا، "نەهێشتنی مەترسییەکانی یەپەگە" یە.

H.J