میری ئێزدییان: شنگال پێویستیی به‌ ئیداره‌یه‌كی شه‌رعی و قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌یه‌

تا ئێستا هه‌زاران ئێزدی چاره‌نووسیان نادیاره‌

K24 – هه‌ولێر:

میر حازم بەگ، میری ئێزدییەكانی جیهان لە ساڵیادی جینۆسایدکردنی کوردانی ئێزدی رایگەیاند، داوا لە حكوومەتی ھەرێمی كوردستان دەكەین، لەگەڵ حكوومەتی عێراق و كۆمەڵگه‌ی نێودەوڵەتی، رۆڵێكی گرنگ ببینن بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی شنگال و ئیدارەیەكی شەرعی لەو ناوچەیە دابنرێت و قەرەبووی خەڵكەكەی بكرێتەوە.

رۆژی 3ی ئاب/ ئۆگستی 2014، چه‌كدارانی رێكخراوی داعش، كه‌ له‌ مانگی حوزه‌یرانی ئه‌و ساڵه‌دا، له‌ سووریاوه‌ په‌ڕیبوونه‌وه‌ عێراق و مووسڵیان داگیر كردبوو، هه‌ڵیانكوتایه‌ سه‌ر شارۆچكه‌ی شنگال و داگیریان كرد.

هاوكات له‌گه‌ڵ داگیركردنی شارۆچكه‌كه‌، ده‌یان هه‌زار هاووڵاتیی ئێزدیان ئاواره‌ و ده‌ربه‌ده‌ر كرد و هه‌زارانی دیكه‌ ده‌ستبه‌سه‌ر و كۆمه‌ڵكوژ كران و زیاتر له‌ سێ هه‌زار ئافره‌تی ئێزدیش كرانه‌ كه‌نیزه‌ك و له‌ بازاڕه‌كانی كۆیله‌فرۆشیی له‌ مووسڵ و ره‌ققه‌، كڕین و فرۆشتنیان پێوه‌ كرا.

هه‌ر له‌و چوارچێوه‌یه‌دا، نووسینگه‌ی رزگاركردنی رفێندراوانی ئێزدی ئامارێكی نوێی قوربانیان و رزگاركراوانی ئێزدی بڵاو كرده‌وه‌ و رایگه‌یاند، تا رۆژی 1ی ئاب/ ئۆگستی 2019  یه‌ك هه‌زار 323 ئافره‌ت و یه‌ك هه‌زار و 585 پیاوی ئێزدی چاره‌نووسیان به‌ نادیاری ماوه‌ته‌وه‌ و رزگار نه‌كراون.