كێشه‌ی داخستنی رێگه‌ی مووسڵ – هه‌ولێر چاره‌سه‌ر كرا

بازگه‌ی هاوبه‌ش داده‌نێن

K24 – هه‌ولێر:

دۆسیه‌ی ئه‌منیی له‌ ده‌شتی نه‌ینه‌وا به‌ هاوبه‌شی له‌ نێوان سوپا و پۆلیسی ناوخۆیی و حه‌شدی شه‌عبی به‌ڕێوه‌ده‌برێت و بازگه‌ی هاوبه‌ش داده‌نێن.

فالح فەیاز، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی و راوێژكاری ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی عێراق دوای سەردانی بۆ شاری مووسڵ و کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی پارێزگای نەینەوا رایگەیاند، رێککەوتوون لەسەر دانانی بازگەی هاوبەشی هێزە ئەمنییەکانی عێراق و  حەشدی شەعبی لە دەشتی نەینەوا.

گوتیشی: ئەو چەکدارانی حەشدی شەعبی کە لە بازگە هاوبەشەکان بەشدار دەبن، لە خەڵکی ناوچەکانی دەشتی نەینەوا پێکدێن.

دانانی بازگەی هاوبەشی نێوان هێزەکانی عێراق و چەکدارانی حەشدی شەعبی دوای ئەوە دێت دوێنێ چەکدارانی لیوای 30ی سەر بە حەشدی شەعبی لە دژی بڕیارێکی عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ کشانەوەی چەکدارەکانیان لە دەشتی نەینەوا خۆپیشاندانیان کرد و رێگەی نێوان مووسڵ و هەولێریان داخست.