"هەڵوەشاندنەوەی سوپای عێراق" ھەرا دەنێتەوە
سەرکردەکانی حەشدی شەعبی داوای هەڵوەشاندنەوەی سوپای عێراقی كردووە
K24 - ھەولێر
یەکێک لە سەرکردەکانی حەشدی شەعبی داوای هەڵوەشاندنەوەی سوپای عێراقی کرد و کاردانەوەی زۆری لێکەوتەوە.
دوای ئەوەی یوسف ناسری پیاوی ئایینی شیعە و یەکێک لە سەرکردەکانی حەشدی شەعبی، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنیدا داوای هەڵوەشانەوەی سوپای عێراقی کردبوو، کاردانەوەی زۆری لێکەوتەوە.
لەمبارەیەوە دەستەی حەشدی شەعبی لێدوانی ناسری رەتکردەوە و لە راگەیەنراوێکدا، ئەو لێدوانەی بە رای تایبەتی کەسی زانیووە.
عەلا روبەیعی، پەرلەمانتاری هاوپەیمانێتی سائیرونیش، داوای لە وەزارەتی بەرگری کرد، داوای یاسایی لەسەر ئەو پیاوە ئایینیە تۆمار بکات.
حاکم زاملی، سەرۆکی پێشووی لیژنەی ئاسایش و بەرگریش، داوای سزادانی هەموو ئەو کەسانەی کرد، کە "زمان درێژی دەکەنە سەر سوپا".
لە بەرامبەردا یوسف ناسری گوتی "لێدوانەکەم بە هەڵە لێکدراوەتەوە، من داوای دوورخستنەوەی کەسانی وەک مەحموود فەلاحی فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەنبارم کردووە، کە سیخوڕی بۆ ئەمەریکا کردووە و زانیاری لەسەر بنکەکانی حەشدی شەعبی لە ئەمەریکا داوە".
ھ.م