شاندێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەچێتە بەغدا

دەرفەتێکی باش بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان هاتووەتە پێش

K24 - ھەولێر

جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق ئاشكرای دەكات لە دوو رۆژی داهاتوودا شاندێكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان دەچێتە بەغدا و لەگەڵ بەرپرسانی حكوومەتی عێراق کۆدەبێتەوە.

د. بەشیر حەداد، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "لە دوای پێكھێنانی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان و كابینەی نوێی حكوومەتی عێراق، پەیوەندییەكانی ھەولێر و بەغدا چووە قۆناخێكی نوێوە، كە قۆناخی ھەنگاونانە بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشانەی لە نێوان ھەردوولادا ھەن".

ئاماژەی بەوەشدا: "دەرفەتێكی باش لە عێراق ھاتووەتە پێش و خواست لەسەر چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان ھەولێر و بەغدا ھەیە".

بەشیر حەداد گوتیشی: "چەند لیژنەیەك لە نێوان ھەردوولادا لەسەر دۆسیەكانی نەوت، بودجە و مووچە، مادەی 140 و دۆسییە ئەمنی و سیاسییەكان پێكھێنراون".

جەختی كردەوە: "ئەمڕۆ یان سبەی شاندی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان دەگاتە بەغدا و ئومێد ھەیە لە ماوەی مانگێك تا دوو مانگ گفتوگۆكانی نێوان ھەولێر و بەغدا بە ئامانج بگات، چونكە ئێستا لە بەغدا ئیش لەسەر بودجەی ساڵی 2020 دەكرێت و تا مانگی 12 دەبێ بودجە بھێندرێتە پەرلەمان، بۆیە ئەگەر لەو ماوەیەدا ھەرێمی كوردستان و بەغدا نەگەنە رێككەوتن، تێپەڕاندنی بودجە لە پەرلەمانی عێراق زۆر زەحمەت دەبێت".

ھ.م