زیاتر لە 160 خێزانی داعش لە كەركووك نیشتەجێ دەكرێن
داوا دەكرێت چاودێری بخرێتە سەر خێزانەكانی داعش
K24 - كەركووك
ئەو خێزانە داعشانەی شارۆچکەی حەویجە کە لەکاتی ئازادکردنی شارۆچکەکە لەلایەن هێزە عێراقییەکانەوە ئاوارەی مووسڵ بوون، و دواتر لە کەمپی حەمام عەلیل نیشتەجێکران، چەند رۆژێکە 165 خێزانیان رەوانەی کەرکووک کراونەتەوە و لە کەمپی لەیلان نیشتەجێکراون، ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك زانیارییەکانی کوردستان24 پشتڕاست دەکاتەوە، داواش دەکات چاودێری بخرێتە سەر ئەوخێزانانە و لەسەر ئەوبابەتەش پێدەچێت راکان جبووری بانگهێشتی ئەنجوومەنی پارێزگا بکرێت.
165خێزانی داعش لە کەمپی حەمام عەلیلی مووسڵەوە گواسترانەوە بۆ کەرکووک، بەپێی زانیارییەکانی کوردستان24، لەو ژمارەیە 116 خێزان کە سەرجەمیان ژن و منداڵی چەکدارانی داعشن لە کەمپی لەیلانی خۆرهەڵاتی کەرکووک جێگیرکراون، 49 خێزانەکەی دیکەش شوێنی نێشتەجێکردنیان نادیارە.
حەویجە پایتەخی ویلایەتی کەرکووکی داعش بوو، بەڵام هێزە عێراقییەکان بەبێ رووبەڕووبوونەوەی چەکداری رزگاریان کرد، ئێستاش بە پاڵپشتی پارێزگاری سەپێنراوی کەرکووک، هەزاران خێزانی ئەو قەزایە لە کەرکووک نیشتەجێکراون.
کەرکووک دوو پڕۆسەی هەڵبژاردن و سەرژمێری لەپێشە، دەسەڵاتی ئێستای کەرکووکیش بە هەر شێوەیەک بێت مەبەستیانە ژمارەی عەرەب زیاد بکەن و بەشداری پڕۆسەکەیان پێ بکەن، سەرئەنجام وانیشان بدەن ئەوان زۆرینەی شارەکەن.
ھ.م