حكوومەتی ھەرێمی كوردستان دەروازە سنوورییەكان رێكدەخاتەوە
سەرۆكی حكوومەت بڕیاریداوە لێكۆڵینەوە بكرێت بۆ پێكھێنانی ئەنجوومەنێك
K24 - ھەولێر
وەزیری پلاندانانی حکوومەتی ھەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، رێکخستنەوەی دەروازە سنوورییەکان وادەکات ھەموو دەروازەکان بە یەک رێنمایی کار بکەن، ئەندامێکی لیژنەی دارایش لە پەرلەمانی کوردستان، رێکخستنەوەی دەروازە سنوورییەکان لە لایەن حکوومەتەوە بە ھەنگاوێکی گرنگ ناودەبات.
حکوومەتی ھەرێم دەیەوێت، سەرجەم دەروازە گومرگییەکان بە یەکەوە ببەستێتەوە، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی كوردستان بڕیاریداوە لیژنەیەک لە وەزارەتە پەیوەندارەکان بەدواداچوون بۆ ئەو بابەتە بکات، دواتر ئەنجوومەنێکی باڵا پێکبھێندرێت. بەرپرسانی باڵای حکوومەتی ھەرێم دەڵێن، یەکخستنی دەروازە گومرگییەکان وادەکات، جوڵەی بازرگانی زیاد بکات، ئەو ھاووڵاتیانەی ھاموشۆ دەکەن ھەست بە ئاسایش و سەلامەتی زیاتر بکەن.
دارا رەشید وەزیری پلاندانانی ھەرێمی كوردستان، بە كوردستان24ی راگەیاند: "دروازەكان چەند سێكتەرێك لە خۆ دەگرن وەك كشتوكاڵ، تەندروستی، بازرگانی، دەزگای پێوانەسازی جۆری، ئەمانە زۆرجار ھەریەكەیان بە رێنمایی وەزارەتی خۆی كاری دەكرد، ئەمەش جیاوازی رێكارەكانی كاركردن دروست دەكات، بۆیە ئەو ئەنجوومەنەی بۆ دەروازەكان پێكدەھێندرێت یەكێك لە ئامانجەكانی رێكخستنەوەی رێكارەكانە، كە دەبێتە ئاسانكاری و زیاتر خزمەتكردنی ھاووڵاتیان و حكوومەت، لەوەش گرنگتر پاراستنی ئاسایشی دەروازەكان و سەلامەتی ئەو كەسانەیە كە كار لە دەروازەكان یان ھاتووچۆیان پێدا دەكەن".
گوتیشی: "سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بڕیاریداوە لیژنەیەك لە وەزارەتە پەیوەندیدارەكان لێكۆڵینەوەیەكی تەواو لەبارەی پێكھێنانی ئەنجوومەنێكی باڵا بكەن".
دەروازە گومرگییەکان بەشێکن لە سەرچاوەی داھاتی ھەرێمی کوردستان، بۆیە حکوومەتی ھەرێم مەبەستیەتی ئەم دەروازانە رێکبخاتەوە، کە بە شێوەیەک بێت تەنھا یەک وەزارەتی پەیوەندیدار، رێنمایی بۆ ئەو دەروازانە دەربکات و ھەموو دەروازەکانی ھەرێمی کوردستان، بە یەک رێنمایی کارەکانیان رێکبخرێت.
عەلی حەمە ساڵح، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێ: "سەرەتا پێویستە كاری كۆمپانیاكان رێكبخرێتەوە و دەروازە سنوورییەكان كۆنترۆڵ بكرێن و بەیەكتر ببەسترێنەوە، ھەروەھا لێخۆشبوونی گومرگی نەمێنێ، ئەگەر ئەرمانە بكرێن داھاتی خاڵە سنوورییەكان باشتر دەبێت".
ئاماژەی بەوەشدا: "ئەگەر كاری دەروازەكان رێكبخرێتەوە كاریگەری زۆری دەبێت لەسەر بازاڕ، چونكە ھەموو ئەو پارەیەی لە خاڵە گومرگییەكان وەردەگیرێت لە بازاڕەكان دەخرێتە سەر نرخی كاڵاكان".
ھ.م