ھەرێمی كوردستان و فلاندێرزی بەلجیكا پەیوەندییە بازرگانییەكانیان پێش دەخەن

سەرمایەدارانی ھەرێمی فلاندێرز لە ھەرێمی كوردستان وەبەرھێنان دەكەن

K24 - فلاندێرز

کۆمپانیاکانی ھەرێمی فلاندێرزی بەلجیکا دەیانەوێت وەبەرھێنان لە ھەرێمی کوردستاندا بکەن، بۆ ئەم مەبەستەش شاندێکی ژووری بازرگانیی و پیشەسازیی ھەرێمی کوردستانیان بە فەرمی بانگھێشتی بەلجیکا کردووە.

ھەرێمی فلاندێرزی بەلجیکا یەکێکە لە سێ ھەرێمە دەوڵەمەندەکەی بەلجیکا، فلاندێرزییەکان دەیانەوێت لە نزیکەوە گوێ لە بازرگانانی کورد بگرن دەربارەی بارودۆخ و ئاسایش و ئابووریی کوردستان.

كۆبوونەوەی شاندی بازرگانیی ھەرێمی كوردستان و ھەرێمی فلاندێرز لە شاری ئانتڤێرپنی پایتەختی ھەرێمی فلاندێرزی بەلجیکا بەڕێوە چوو، ئەو شارە بە بازرگانیکردن بە ئەڵماس ناوبانگی لە جیھاندا دەکردووە. لە گفتوگۆكانی نێوانیاندا باسیان لە میكانیزمەكانی پتەوتركردنی پەیوەندییەكان كرد و دەیانەوێت پەیوەندیی بازرگانیی و پیشەسازیی لەنێوان ئەم دوو ھەرێمەدا دروست بکەن.

جیل سوێتێنس، سەرۆکی ژووری بازرگانیی و پیشەسازیی ھەرێمی فلاندێرزی بەلجیکا بە كوردستان24ی گوت: "ئێمە پڕۆژەیەکمان هەبوو لەگەڵ ژووری بازرگانیی هەولێر، لەوەش زیاتر نزیکەی 50 کۆمپانیا هاتوون بۆ ئەوەی بتواندرێت وەبەرهێنان بەیەکەوە بکەین لە هەرێمی کوردستان، ئێستا یاداشتی لێکتێگەیشتنمان واژۆ کردووە بە ئامانجی گەشەپێدانی هەرێمی کوردستان".

دلاوەر خالید ئاژگەیی، نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەوڕوپا کە رۆڵی ھەبووە لە دروستکردنی پەیوەندیی بازرگانیی و سیاسیی لە نێوان ھەردوو ھەرێمدا، کۆنفڕانسە بە گرنگ دەزانێت بۆ بەھێزكردنی پەیوەندییەكان.

بەلجیکا پێکھاتووە لە سێ ھەرێم، ھەرێمی فلاندێرز و ڤالۆنیا و برۆکسل. فلاندێرز دەوڵەمەندترین ھەرێمی ئەو وڵاتەیە، لەبەر ئەوەی زۆربەی وەبەرھێنان و بازرگانیی و پیشەسازیی دەکەوێتە ئەم ھەرێمەوە، ھەر ئەمەش وای کردووە رێژە و دەسەڵاتی ھەرێمی فلاندێرز لە ناو حکوومەتی فیدراڵی بەلجیکا زۆرتر بێت.

ھ.م